گۆتێریش: پەروەردە لە قەیرانێکی مەزندایە
K24 – ههولێر:
ئەنتۆنیۆ گوتێریش، سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان، لە لوتکەی گۆڕانکاری پەروەردەیی له نیویۆركهوه رایگەیاند، پەروەردە لە قەیرانێکی مەزندایە، پێویستە کار بۆ ئەوە بکەین هەموو کەس بە یەکسانی سوودمەندبێت لە پڕۆسەی خوێندن بەبێ جیاوازی.
گوتێریش راشیگەیاند، بەهۆی پەتای کۆرۆناوە، لە چەندین وڵات پڕۆسەی خوێندن پەکیکەوتبوو و پێویستە قەرەبووی ئەو چەند ساڵە بکەینەوە و گرنگی زیاتر بە رۆڵی مامۆستایان بدەین.
سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان دهشڵێت: "خەڵکی دەوڵەمەند توانای گەیشتنیان بە باشترین سەرچاوە، قوتابخانە و زانکۆ ههیه، کە بەرەو باشترین کاریان دەبەن".
گوتیشی: "لە کاتێکدا هەژارەکان، بە تایبەت ئافرەتان، بەربەستی گەورەیان دێتەپێش بۆ دەستکەوتنی تواناکان، تا بتوانن ژیانیان بگۆڕن، پێویستە قوتابخانەکان بۆ هەموو کەس بەبێ جیاوازی کراوەبن، قەرەبووی خوێندنی ئەو ساڵانە بکەینەوە کە بەهۆی پەتای كۆرۆناوه لەسەرانسەری جیهان لەدەستچووە".
لهبارهی گرنگی پێگهی مامۆستا گۆتێریش گوتی: "مامۆستاکان کۆڵەكەی سیستەمی خوێندنن، پێویستە زیاتر سەرنج بخەینە سەر رۆڵیان و بەردەوام خول و راهێنانی تازەیان بۆ بکەینەوە و دڵنیابین لەوەی موچەیەکی شایستە وەردەگرن".
لوتکەی گۆڕانکاری پەروەردەیی له رۆژانی 16، 17 و 19ـی ئهیلوول/سێپتێمبهری 2022 له نیویۆرك بهڕێوهچوو، تێیدا گفتوگۆ لهبارهی رهوشی پهروهرده و خوێندن له جیهاندا كرا.
