بارسێلۆنا پێش كلاسیكۆ نیوی پێكهاتهكهی لهدهست داوه
بارسێلۆنا لە ماوەی هەفتەیەکدا تا ئێستا شەش یاریزانی تووشی پێکان بووە، هەریەکە لە دێپای و دێمبێلێ و ئاراوخۆ و دێ یۆنگ و کۆندێ لەگەڵ هەڵبژاردەکانیان تووشی پێکان بوون و هەریەکەیان بۆ ماوەی جیاواز لە یانە کەتەلۆنییەکە دادەبڕێن، دوایین یاریزانیش کە تووشی پێکان بوو هێکتۆر بێیێرێنی بەرگریکارە و ئەمیش ئەمڕۆ لە راهێنانەکان پێکان یهخهی گرت.
مێمفێس دێپای لەگەڵ هەڵبژاردەی هۆڵەندا تووشی پێکان بوو بەهۆیەوە سێ بۆ چوار هەفتە دوور دەکەوێتەوە، گەرچی دێپای سەرەکی نییە، بەڵام کاریگەری دەبێت، چونكه عوسمان دێمبێلێش لەگەڵ فەرەنسا تووشی پێکان بوو، گەرچی پێکانەکەی هێندە سەخت نییە و تەنیا هەفتەیەکی پێویستە، بەڵام چاڤی هێرناندێزی راهێنەر بە هۆشیاریەوە مامەڵەی لەگەڵ دەکات نەوەک پێکانەکەی قوڕستر بێت.
هەر لەگەڵ هەڵبژاردەی هۆڵەندا ئەمجارە فرانک دی یۆنگیش پێکان بەرۆکی گرت و ئەم ناوەڕاستکارە دوو بۆ سێ هەفتە لە بارسێلۆنا دوور دەکەوێتەوە و ئەرکی چاڤی لە دەستنیشانکردنی پێکهاتەکەی سەختتر دەکات.
بارسا جگە لە هێڵی پێشەوە و ناوەڕاست، لە بەرگریش لێدانێکی گەورەی بەر دەکەوێت و سێ یاریزانی پێکراوی هەیە، لەسەروویانەوە رۆناڵد ئاراوخۆیە کە ئەم یاریزانە لەگەڵ ئۆرۆگوای تووشی پێکان بوو، بەهۆی سەختی پێکانەکەی دواجار بڕیاردرا نەشتەرگەری بۆ بکرێت و بۆ نزیکەی سێ مانگ دوور دەکەوێتەوە، نەک تەنیا بارسێلۆنا بەڵکو ئۆرۆگوای بە پێکانی ئەم یاریزانە زیانێکی گەورەی بەر دەکەوێت چونکە ناتوانێت بەشداری لە مۆندیالی 2022 بکات.
جول کۆندێ بەرگریکارێکی دیکەی بارسێلۆنایە و ڤایرۆسی فیفا بەرۆکی گرت و ئەم یاریزانەش لەگەڵ فەرەنسا تووشی پێکان بوو، لەوانەیە کۆندێ نەتوانێت بەشداری کلاسیکۆی شازدەی مانگی داهاتوو بکات.
نوێترین یاریزانی پێکراوی بارسا هێکتۆر بێیێرینە و خەمێکی دیکە بەرۆکی چاڤی دەگرێت، کە ئەم یاریزانە لە راهێنانەکاندا تووشی پێکان بووە بەڵام پێکانەکەی قوڕس نییە و رەنگە تەنیا لە یاریی داهاتووی بارسێلۆنا بەرامبەر مایۆرکا دوور بکەوێتەوە.