نەوت و کانزاکانی سلێمانی: چاوەڕێی گەیشتنی نەوتین

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی سلێمانی بە کوردستان24ـی راگەیاند، سەرجەم رێکارەکانیان بۆ وەرگرتنی ئەو بەشە نەوتەی بڕیارە لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە بۆ سلێمانی و هەڵەبجە دابین بکرێت، تەواوکردووە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 18ـی تشرینی دووەمی 2026، سەلام عومەر، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی سلێمانی جەختی کردەوە، تا ئێستا نەوتەکە نەگەیشتووە و ئەوان چاوەڕێی گەیشتنی ئەو بەشە نەوتەن.

سەلام عومەر روونیکردەوە، بڕی ئەو بەشە نەوتەی دیاریکراوە زیاتر لە 20 ملیۆن لیترە و بۆ دانیشتووانی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە تەرخانکراوە.

هەر ئەمڕۆ چوارشەممە، نەوتی سپی لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای دهۆک دابەش دەکرێت، ئەمەش دوای ئەوەی شەوی رابردوو یەکەم کاروانی نەوتی سپی گەیشتە کۆگاکانی ئەو پارێزگایە.

بەگوتەی بەرپرسانی وەزارەتی سامانەسرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە نزیکترین کاتدا، ئەو بڕە نەوتەی لەلایەن حکومەتی عێراق  بۆ هەولێر، سلێمانی و هەڵەبجە دیاریکراوە دەگاتە ئەو پارێزگایانە.

پێشتر فەلاح سەید مەولوود، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی کانزاکان لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان رایگەیاندبوو، ساڵانە لە مانگی ئاب نووسراو ئاراستەی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ دەکەن، بۆ نەوتی ماڵان و بۆ ئەمساڵیش داوای 268,710,600 لیتر نەوتی سپی ماڵانیان کردووە، بەڵام حکوومەتی عێراق پێی راگەیاندوون کە ئەم بڕە ئامادە نییە و تەنیا 50 ملیۆن لیتر دەنێرن، واتە 19%ـی ئەو نەوتە دەنێرن کە پێویستە بە خێزانەکانی هەرێمی کوردستان بدرێت.