جێگری پارێزگاری هەولێر: سبەی نەوت لەناوچە شاخاوییەکان دابەش دەکرێت

جێگری پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، سبەی نەوت لەناوچە شاخاوییەکانی سنووری هەولێر دابەش دەکرێت.

ئەمرۆ چوارشەممە، 18ـی تشرینی دووەمی 2026، هێمن قادر، جێگری پارێزگاری هەولێر لە لێدوانێکی تایبەتدا بە کوردستان24ـی راگەیاند، تا ئێستا 5 تانکەری نەوت کە دەکاتە 36 هەزار لیتر نەوتی سپی گەیشتووەتە دەستیان و پرۆسەی بەتاڵکردنیان دەستی پێکردووە.

هێمن قادر روونیکردەوە، بڕیارە بەیانی ئەو نەوتە بۆ ناوچە شاخاوییەکان بگوازرێتەوە و دابەش بکرێت.

هەر ئەمڕۆ  فەلاح سەید مەولوود، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی کانزاکان لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بە هۆشمەند سادق، پەیامنێری کوردستان24ـی رایگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ پشکی نەوتی پارێزگای هەولێر لە 50 ملیۆن لیترە نەوتەکەی وەزارەتی نەوتی عێراق گەیشتووە و ئەگەری هەیە ئێوارەی ئەمڕۆ یان سبەی پێنجشەممە، 19ـی تشرینی دووەم، دەست بە دابەشکردنی بکرێت.