فیفا قهرهبووی بارسێلۆنا دهكاتهوه

فیفا بەرامبەر تووشبوونی هەر یاریزانێک بە پێکان، قەرەبووی یانەکان دەکاتەوە و ساڵانەش نزیکەی 80 ملیۆن یۆرۆ بۆ ئەم بابەتە خەرج دەکەن، قەرەبووی یانەکان بەپێی مووچەی بنەڕەتی یاریزانەکان دەبێت، بەجۆرێک یاریزانەکان بەرامبەر هەر رۆژێک دابڕان، زیاتر لە 20 هەزار یۆرۆ یانەکەی قەرەبوو دەکرێتەوە.
دوای ئەوەی رۆنالد ئاراوخۆ بەرگریکاری هەڵبژاردەی ئۆرگوای و یانەی بارسێلۆنا، لە یارییە دۆستانەکەی هەڵبژاردەکەی بەرامبەر ئێران تووشی پێکان بوو، فیفا دەبێت یانەکەی بە پارە قەرەبوو بکاتەوە، تا ئەو کاتەی ئەو یاریزانە لە پێکانەکەی چاک دەبێتەوە.
ناوە ناوە خولە نێوخۆییەکانی جیهان بەهۆی یارییە دۆستانەکانی هەڵبژاردەکان بە ناوی رۆژی فیفا دەوەستن، یاریزانەکان دەگەڕێنەوە وڵاتەکانیان، پەیوەندی بە هەڵبژاردەکانیانەوە دەکەن، بۆیە هەر یاریزانێک لەو یارییانەی کە سەر بە فیفان تووشی پێکان بن، ئەوا فیفا یانەکانیان قەرەبوو دەکاتەوە.
دیارترین نموونە رۆناڵد ئاراوخۆ بەرگریکاری یانەی بارسێلۆنایە، فیفا بەهۆی پێکانەکەی ئەو یاریزانە و وەکو قەرەبوو، بۆ هەر رۆژێک 20.458 ههزار یۆرۆ دەداتە یانەکەی، چاوەڕێ دەکرێت ئەو یاریزانە سێ مانگ واتە 90 رۆژ لە یاریگاکان دوور بکەوێتەوە، واتە بەرامبەر ئەو 90 رۆژە، پێویستە فیفا نزیکەی دوو ملیۆن یۆرۆ وەکو قەرەبوو بداتە بلاوگرانا.
فێدراسیۆنی تۆپی پێ جیهان، بەپێی مووچەی بنەڕەتی یاریزانەکان، یانەکانیان قەرەبوو دەکاتەوە، واتە پاداشتەکان ناگرێتەوە و ئەگەر یاریزانێک بۆ ماوەی یەکساڵ بەهۆی پێکان لە یاریگاکان دووربکەوێتەوە، ئەوا فیفا نزیکەی 705 ملیۆن یۆرۆ وەکو قەرەبوو دەداتە یانەکەی.
فیفا بودجەیەکی تایبەتی بۆ پێکانی یاریزانەکانی دابین کردووە، بەجۆرێک ئەو رێکخراوە ساڵانە نزیکەی 80 ملیۆن یۆرۆ وەکو قەرەبوو دەداتە یانەکان، بەڵام تەنها قەرەبووی ئەو یانانە دەکاتەوە، کە لە یارییەکانی فیفا تووشی پێکان بوونە، بۆ نموونە وەکو پاڵەوانیەتی مۆندیال و جامی جیهانی یانەکان و هەموو ئەو پاڵەوانتیانەی کە ئەوان سەرپەرشتی راستەوخۆ دەکەن.