نێچيرڤان بارزانى و نوێنه‌رى ئه‌مه‌ريكا بۆ كاروبارى سووريا جەختیان لە ‏يه‌كڕيزيى نێوان لايه‌نه‌ كوردييه‌كان له‌ ‏سووريا كرده‌وه‌

نێچیرڤان بارزانی و نيكۆلاس گارنه‌ر
نێچیرڤان بارزانی و نيكۆلاس گارنه‌ر

K24 – هەولێر

سەرۆکی هەرێمی کوردستان و نوێنه‌رى ئه‌مه‌ريكا بۆ كاروبارى سووريا، کۆبوونەوە و جەختیان لە ‏يه‌كڕيزيى نێوان لايه‌نه‌ كوردييه‌كان له‌ ‏سووريا و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆر و مەترسییەکانی داعش کردەوە و بە پێویستیان زانی وڵاتانى ‏ئه‌وروپا و ناوچه‌كه‌ بۆ گێڕانه‌وه‌ى هاووڵاتيانيان له‌ كه‌مپى هۆل له‌ ‏سووريا بۆ وڵاته‌كانيان هاوکاربن.

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، پێشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2022/10/5 نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى ‏هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ نيكۆلاس گارنه‌ر، نوێنه‌رى ئه‌مه‌ريكا بۆ ‏كاروبارى سووريا و شاندێكى ياوه‌رى كرد.‏ له‌ ديدارێكدا كه‌ كونسوڵى گشتيى ئه‌مه‌ريكا له‌ هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ى ‏بوو، دوايين پێشهاته‌كانى سووريا و عێراق و هه‌ڕه‌شه‌كانى داعش، په‌يوه‌نديى نێوان ‏لايه‌نه‌ كوردييه‌كان و پێكهاته‌كان له‌ سووريا و بارودۆخى كه‌مپه‌كان به‌تايبه‌تى ‏كه‌مپى ئه‌لهۆل، تاوتوێ كرا.‏

‏بەگوێرەی هەواڵی ماڵپەڕی فەرمی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ گرنگيى به‌رده‌واميى هاريكاريى هاوبه‌ش بۆ ‏به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆر و مه‌ترسييه‌كانى داعش كرده‌وه‌، كه‌ هێشتا مه‌ترسييه‌كى ‏راسته‌قينه‌يه‌ له‌سەر سووريا و عێراق و ناوچه‌كه‌، هه‌روه‌ها به‌ پێوستيان زانى وڵاتانى ‏ئه‌وروپا و ناوچه‌كه‌ بۆ گێڕانه‌وه‌ى هاووڵاتيانيان له‌ كه‌مپى هۆل له‌ ‏سووريا بۆ وڵاته‌كانيان، هاوكار بن. ‏

له‌مباره‌وە نێچيرڤان بارزانى دووپاتىكرده‌وه‌، كه‌ تيرۆر به‌ ته‌نيا به‌ هێزى ‏چه‌ك له‌ناو ناچێت، به‌ڵكو بۆ نه‌هێشتنى تيرۆر ده‌بێ له‌ رێگه‌ى په‌روه‌رده‌ و ‏قوڵكردنه‌وه‌ى كولتوورى لێبورده‌يى و يه‌كترقبووڵكردن و پێكه‌وه‌ژيان، رووبه‌ڕووى بير ‏و ئايدۆلۆژياى توندڕه‌وى و توندوتيژى ببينه‌وه‌.‏

ئاماژە بەوەشکراوە، پێويستيى گفتوگۆ و يه‌كڕيزيى نێوان لايه‌نه‌ كوردييه‌كان و پێكهاته‌كانى ديكه‌ له‌ ‏سووريا، دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ‏ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى ديداره‌كه‌ بوو.‏

.
.