سەرکردایەتی یەکێتی بۆ تاوتوێکردنی کێشەکانی پەرلەمان و حکومەت کۆدەبێتەوە

"رێواز فایەق و قوباد تاڵەبانی ئامادەی کۆبوونەوەکە دەبن"
کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی- 29/9/2022
کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی- 29/9/2022

K24 - سلێمانی

بڕیارە رۆژی شەممەی داهاتوو، ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کۆببێتەوە، بۆ تاوتوێکردنی کێشەکانی پەرلەمان و حکومەت، هەر یەک لە رێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، وردەکانی دۆسییەکان بۆ حزبەکەیان باس دەکەن.

ئەمڕۆ چوارشەممە (5ی تشرینی یەکەمی 2022) میدیای فەرمی یەکێتی رایگەیاند، رۆژی شەممەی داهاتوو (8ی تشرینی یەکەمی 2022) بە سەرپەرشتی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، ئەنجومەنی سەرکردایەتی حزبەکەیان کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنی کێشە و گرفتەکانی بەردەم پەرلەمان و حکومەت.

لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەوە مستەفا چاڵاوی، جێگری سكرتێری ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی، بە میدیای فەرمی حزبەکەی گوتووە، کۆبوونەوەکە لەگەڵ نوێنەرانی یەکێتی لە پەرلەمان و حکومەتە، تێیدا باس لە کێشە و گرفتەکانی خەڵک و خزمەتگوزاری دەکرێت، چونکە حزبەکەی خۆی بە خاوەنی ئەزموونەکە دەزانێت و پێکهێنەر و بەشداری دامەزراوە یاسایی و جێبەجێکارییەکانە و هاوبەشێکی سەرەکی و کاریگەرە.

جێگری سكرتێری ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی، باسی لەوەشکردوە، کە حزبەکەی پشتیوانی حکومەت و پەرلەمان دەکات، بۆ هەنگاونان بۆ پرۆژەکانیان.

بەگوتەی مستەفا چاڵاوی، لە کۆبوونەوەکەدا سەرکردایەتی یەکێتی، گوێ لە رێواس فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دەگرێت، بۆ باسکردنی ئەجێندای پڕۆژەیاسا و بابەتەکانی پەیوەست بە پەرلەمان.

مستەفا چاڵاوی ئاماژەی بەوەشداوە کە "قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا، قسەی خۆی دەكات، سەبارەت بە كار و پرۆژە خزمەتگوزراییەكانی حكومەت".

یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە هەڵبژاردنی ساڵی 2018 بۆ خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستاندا، لەکۆی 111 کورسی، 21 کورسی بەدەستهێناوە و پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانی وەرگرتووە.

لە چوارچێوەی بەشداریکردن لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمدا، یەکێتی پۆستی جێگیری سەرۆک وەزیران لەگەڵ وەزیری وەزارەتەکانی (پێشمەرگە، پلاندانان، خوێندنی باڵا، کشتوکاڵ، رۆشنبیری و وەزیری هەرێم بۆ دانوستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ)ی وەرگرتووە.