پێنج هۆکاری لاوازبوونی ئابووریی چین

"رەنگە پەکین وەک رابردوو بۆ بازرگانی کراوە نەبێت"

K24 – هەولێر

ئابووریی چین، بە هۆی رێکارەکانی کۆنترۆڵکردنی کۆرۆنا و کەمبوونەوەی خواستی جیهانی، روو لە لاوازبوونە. ئاماری فەرمیی گەشەی ئابووریی چین لە سێ مانگی هاوینی ئەمساڵدا، بڵاو دەبێتەوە و ئەگەر دووەم ئابووریی گەورەی جیهان روو لە لاوازبوون بێت، ئەگەری پاشەکشەی ئابووری جیهانی زیاتر دەبێت.

پەکین دەیەوێ بە رێژەی 5.5٪ گەشەی ئابووریی سآڵانەی هەبێت، بەڵام ئەمە ئێستا ئەستەمە، هەڵبەت بەرپرسانی چین وەک شتێکی کەمبایەخ باس لە گەیشتن بەو ئامانجە دەکەن. چین لە سێ مانگی بەهاردا، زۆر بەئەستەم توانی پێش لە پووکانەوەی ئابووری بگرێت و بەشێک لە ئابووریناسان چاوەڕوانیی هیچ گەشەیەکی ئابووریان لە ماوەی ئەمساڵدا نییە.

چین رەنگە وەکوو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و بەریتانیا تووشی هەڵاوسانی گەورە نەبێت، بەڵام کێشەی دیکەی هەیە. ئەو ناوەندە گەورەیەی جیهانی بۆ بەرهەمهێنان، لەناکاو ژمارەی کڕیاری بەرهەمەکانی لە ناوخۆ و جیهاندا کەمی کردووە. گرژییە بازرگانییەکانی نێوان چین و ئەمەریکاش، بەشێک لە بەربەستی گەشەی ئابووری ئەم وڵاتەیە.

یوانی چین بەرامبەر بە دۆلاری ئەمەریکی لە پاشەکشە دایە، هەر بۆیە ئێستا خراپترین دۆخی خۆی لە دەیەکانی رابردوودا تۆمار کردووە. دراوی لاواز، وەبەرهێنەران دەترسێنێت و بێمتمانەیی لە بازاڕ زیاتر دەکات، هەروەها بانکی ناوەندیش لە ناردنی پارە بۆ ناو بازاڕەکان، تووشی کێشە دەکات.

هەموو ئەو رووداوانە لە دۆخێکی مەترسیدار بۆ (شی جین پینگ) سەرۆک کۆماری چین دان. کۆنگرەی حزبی کۆمۆمنیست لە 16ـی تشرینی یەکەم / ئۆکتۆبەر، بەڕێوە دەچێت و رەنگە (شی جین پینگ) بۆ سێیەمین جار پارێزگاری لە پۆستەکەی بکات.

ئەدی بەدیاریکراوی چ هەڵەیەک روویداوە؟

سیاسەتی کۆنترۆڵکردنی کۆرۆنا، سەری ئابووریی چین دەخوات

بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە چەندین شار و لەوانە لە (شینژین تیانجین) کە ناوەندێکی گەورەی ئابووری و پێشەسازییە، زیانی لە تەواوی چالاکی ئابووری و پیشەسازییەکان دا.

خەڵکیش پارەی زۆر لە خواردن و خواردنەوە و جلوبەرگ و گەشتیاریدا خەرج ناکەن، ئەمە فشاری بۆ تەواوی کار و کۆمپانیاکانی بواری خزمەتگوزاری هێناوە.

بە پێی راپۆرتی بەڕێوەبەرایەتی ئاماری چین، کار و چالاکیی کارگەکان لە مانگی ئەیلولدا، زیادی کردووە. هەڵبەت رەنگە "زیادبوون"ـەکە بۆ ئەوە بگەڕێتەوە کە ئێستا حکومەت بوودجەی پشتگیری زیاتری بۆ پرۆژەکانی ژێرخانی تەرخان کردووە و خەرج دەکات.

;

هەڵبەت دوای دوو مانگ لە پاشەکشەی بەرهەمهێنان، ئەو بوودجە پاڵپشتییەی حکومەت بە کارگەکان گەیشتووە و ئەمەش چەندین پرسیاری بەدوای خۆیدا هێناوە، بەتایبەت لەو کاتەوە کە لە راپرسییەکدا دەرکەوت کار و چالاکی کارگەکان لە مانگی ئەیلولدا لاوازتر بووە و تەنانەت نەیانتوانیوە وەڵامدەرەوی داواکارییەکان ببن و ئەمەش زیانی بە داواکاری نوێ و بەکارخستن گەیاند.

لەلایەکی دیکەوە و هەر وەک ئەمەریکا و بە هۆی زیادبوونی سوو، هەڵاوسان و شەڕی ئۆکرانیا، رێژەی داواکاری لە چینیش کەمبووەتەوە.

شارەزایان لەسەر ئەوە هاوڕان کە حکومەت دەتوانێ کاری زیاتر بۆ جوولەی ئابووری بکات، بەڵام چاوەڕێی تەواوبوونی کۆرۆنایە.

(لوئیس کویج) ئابووریناس لە ناوەندی ئەمەریکایی ((S&P GLOBAL دەڵێ: ئەگەر کار و پیشەکان فراوانتر نەبن یان خەڵک نەتوانن پارە خەرج بکەن، خستنەناو بازاری پارە، هیچ سوودێکی بۆ ئابووری وڵات نییە.

کاردانەوەی "لاواز"ـی پەکین

حکومەتی پەکین لە مانگی ئابدا، بڕی تریلۆنێک یوان (203 ملیار دۆلار)ـی بۆ پشتگیری لە پرۆژەبچووکەکان، ژێرخان و پرۆژەی نێشتەجێبوون تەرخان کرد.

هەڵبەت بەرپرسان دەتوانن رێکاری زیاتر بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی توانای کڕینی خەڵک بگرنەبەر بۆ ئەوەی بە گەشەی دیاریکراو بگەن و هەلی کاری زیاتر بڕەخسێنن.

حکومەت دەتوانێ رێکارەکانی وەکو وەبەرهێنانی زیاتر لە ژێرخانەکان، ئاسانکاری وەرگرتنی قەرز بۆ کڕینی خانوو و زیاتربوونی پڕۆژەی نیشتەجێبوون و لێخۆشبوونی باج، بگرێتەبەر.

(لوئیس کویج) دەڵێ: کاردانەوەی حکومەت بەرامبەر بە لاوازیی ئابووری بە بەراورد لەگەڵ دۆخی هاوشێوە لە رابردوودا، زۆر کەمبووە.

.

بازاڕی کەرتی نیشەجێبوون لە قەیراندایە

بێگومان چالاکیی لاواز لە کەرتی نیشتەجێبوون، یەک لە هۆکارەکانی لاوازی گەشەی ئابوورییە. ئەمە زەبرێکی زۆری لە ئابووری داوە، چونکە نیشتەجێبوون و پیشەکانی پەیوەندیدار، یەک لەسەر سێی بەرهەم و داهاتی ناوخۆیی پێکدێنێت.

کویج دەڵێ: کاتێک متمانە بە بازاڕی کەرتی نیشتەجێبوون کەم بێت، هەستی بێمتمانەیی خەڵک بەرامبەر بە ئابووری زیاتر دەبێت.

کڕیارانی خانوو، قیست بە پرۆژە نیوەچڵەکان نادەن و هەندێکیشان لەوە دڵنیا نین کە خانووەکانیان قەت تەواو بێت. خواست بۆ کڕینی خانووی نوێ کەمبووەتەوە و ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر هاردەکردنی ئەو کاڵایانە دەبێت کە بۆ دروستکردنی خانوو بەکار دێن.  

سەرەڕای هەوڵی پەکین بۆ بەهێزکردنی بازاڕی کەرتی نیشتەجێبوون، لە دەیان شار نرخی خانوو بە بەراورد لەگەڵ ساڵی رابردوودا، 20٪ کەمی کردووە.

بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی وەبەرهێنەرانی کەرتی نیشتەجێبوون لەژێر فشار دانە، شارەزایان بە پێویستی دەزانن بەرپرسان بە مەبەستی گەڕانەوەی متمانە بۆ بازاری خانووبەرە، هەوڵی زیاتر بدەن.

.

گۆڕانی کەشوهەوا دۆخەکە خراپتر دەکات

ئێستا کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر پیشەسازیی چین، بەچاوی خۆمان دەبینین. شەپۆلی گەرمای بەهێز و وشکەساڵی، کاریگەری لەسەر پارێزگای سیچوان و شاری چونگکینگ هەبووە.

خەڵک ئامێری فێنککەرەوەی زیاتر بەکار دێنێ و ئەمەش کاریگەری لەسەر تۆڕی کارەبای ناوچەکە هەبووە کە بۆ بەرهەمهێنانی بە تەواوی پشت بە ئاو دەبەسترێت.

کارگەکان و بەرهەمهێنەرانی گەورەی وەکو ئایفۆن، فاکسکان و تێسلا، ناچاربوون کاتژمێری کاریی کارمەندان کەم بکەنەوە.

بەڕێوەبەرایەتی ئاماری چین، مانگی ئاب رایگەیاند، تەنیا لە پیشەسازیی ئاسن، قازانجی حەوت مانگی یەکەمی ئەمساڵ بەراورد بە حەوت مانگی سالی رابردوو، 80٪ کەمبووەتەوە.

ئێستا پەکین دەیان ملیار دۆلاری بۆ پشتگیری لە کۆمپانیاکانی بواری وزە و جوتیاران، تەرخان کردووە.

,

کشانەوەی وەبەرهێنەرانی بیانی لە چین

چاودێریکردنی گەورەوەبەرهێنەرانی بواری تەکنەلۆژیا کە دوو ساڵە درێژەی هەیە، ئەنجامی خراپی لێکەوتووەتەوە.

هۆڵدینگی چینی (تێنسێنت) و کۆمپانیای (عەلی بابا) یەکەم کەمبوونەوەی قازانجی خۆیان لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا، راگەیاند. قازانجی هەر دوو کۆمپانیاکە بە رێژەی 50٪ کەمیکردووە. دەیان هەزار کرێکاری گەنج بێکاربوونە و ئێستا لە هەر پێنج کەسی 16 بۆ 24 ساڵان، یەکیان بێکارە. ئەمە لە درێژخایەندا، زیان بە گەشەی ئابووری چین دەگەیەنێت.

وەبەرهێنەرانیش هەست بە گۆڕانکاری لە سیاسەتەکانی پەکیندا دەکەن. بەشێک لە سەرکەوتووترین کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتی چین هاوکات لەگەڵ زیاتربوونی دەسەڵاتی (شی جین پینگ)، چاودێری زیاتریان خراوەتەسەر.

بەو هۆیەی ئێستا لە چین، پشتگیری زیاتر لە کۆمپانیا حکومییەکان دەکرێت، وەبەرهێنەرانی بیانی پارەی خۆیان دەکێشنەوە.

ناوەندی دارایی (سافت بانک)ـی ژاپۆن، پارەیەکی زۆری لە ناو کۆمپانیای (عەلی بابا) کێشاوەتەوە، هەروەها کۆمپانیایەکی (وارن بافت) دەیەوێ پشکەکانی لە کۆمپانیای دروستکردنی ئۆتۆمبێل (بی وای دی) بفرۆشێت. تەنها لە سێ مانگی رابردوودا، زیاتر لە حەوت ملیار دۆلار لە کۆمپانیای (تێنسێنت) کێشراوەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، ئەمەریکا فشاری زۆری بۆ ئەو کۆمپانیا چینیانە هێناوە کە لە بۆرسەی ئەمەریکادان.

ناوەندی ئەمەریکایی (S&P GLOBAL) بڵاوی کردووەتەوە، "هەندی بڕیاری وەبەرهێنان دواخراون و بەشێک لە کۆمپانیا بیانییەکان دەیانەوێ وەبەرهێنان لە وڵاتانی دیکەدا بکەن".

خەریکە جیهان خۆی لەگەڵ ئەو راستییەدا دەگۆنجێنێت کە "رەنگە پەکین وەک رابردوو بۆ بازرگانی کراوە نەبێت"، بەم پێیە (شی جین پینگ)، ئەو سەرکەوتنە ئابوورییە دەخاتە مەترسییەوە کە چینی لە دەیەکانی رابردوودا بەهێز کرد.