شاهێدحاڵێك ورده‌كاری ته‌قینه‌وه‌كه ده‌گێڕێته‌وه
K24 – هه‌ولێر:
نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ هاووڵاتییه‌ك له ناو ئۆتۆمبێله‌كه‌یدا سووتا، به هۆی ئه‌و بۆمبه چێندراوه‌ی له ئۆتۆمبێله‌كه‌یدا بۆی دانرابوویه‌وه و دوو كچ و خێزان و خوشكیشی بریندار بوون.
رووداوه‌كه له گه‌ڕه‌كی سه‌ربه‌ستی نزیك له 32ی پاركی شاری هه‌ولێر روویدا.
یه‌كێك له‌و هاووڵاتیانه‌ی چركه‌ساتی یه‌كه‌می دوای رووداوه‌كه گه‌یشتووه‌ته شوێنه‌كه بۆ كوردستان24 گوتی: رووداوه‌كه كاتژمێر یه‌كی نیوه‌ڕۆ رووی دا.
گوتیشی: ئێمه له مزگه‌وت ده‌هاتینه‌وه "رمبه‌كی زۆر گه‌وره هات".
هه‌روه‌ها گوتی: پێڕاگه‌یشتین، دوو ژن و دوو كچی منداڵ بریندار بوون، شوفێره‌كه به هۆی زۆری ئاگره‌وه نه‌توانرا رزگار بكرێت.
ئه‌وه‌یشی گوت: بۆمبه‌كه له به‌شی پشه‌وه‌ی ئۆتۆمبێله‌كه دانراوه‌ته‌وه.
له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، روونیكرده‌وه، خوشكی پیاوه‌كه وتویه‌تی: ده‌عوه‌ت بووینه له چێشخانه‌یه‌ك و بۆ ئه‌وه هاتووینه‌ته ده‌ره‌وه، بچین نان بخۆین، تی ئێن تییان بۆ داناوین.
هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه، ئامۆزایه‌كی كوژراوه‌كه بۆ كوردستان24 رایگه‌یاند، ئه‌وه‌ی گیانی له‌ده‌ستداوه، ناوی هاوكار جاف بووه و پله‌ی عه‌قید بووه له هێزی دژه تیرۆر و ته‌مه‌نی 41 ساڵ بووه.