رێنمایی نوێ لەبارەی پێدانی ڤیزای تورکیا دەردەکرێت
K24 – هەولێر
کۆمپانیای پێدانی ڤیزای تورکیا لە هەولێر رایدەگەیەنێت، بۆ یەکەمجار لەمەودوا هاووڵاتییان دەتوانن لە رێگەی پارێزەرەوە داواکاری بۆ وەرگرتنی ڤیزا پێشکەش بکەن.
هالیس عەلی چەقمق بەڕێوەبەری کۆمپانیای گێت وەی (کۆمپانیای پێدانی ڤیزای تورکیا لە عێراق) لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەشکرد "سیستمی ڤیزا بەهیچ شێوەیەک وەکو کێشە نابیندرێت، ئەوەی گرنگە کوالیتی ڤیزا و یەکسانی گرنگە، لە هەموو کاتێکدا لە ماوەی یەک رۆژدا ڤیزا بە هاووڵاتییان دەدرێت".
باسی لەوەشکرد "لە سەرتاسەری عێراق 600 کارمەندمان هەیە، هەموو ئەو سیستمە بازرگانی و ئیدارییە بە تەکنەلۆژیایەکی بەرز پێشکەش دەکەین".
ئەوەشی خستەڕوو "لە تورکیاوە بۆ عێراق کاتێک داواکاری ڤیزا پێشکەش دەکەیت، چەندین مانگ دەخایەنێت تا ڤیزا وەردەگریتەوە".
بەڕێوەبەری کۆمپانیای پێدانی ڤیزای تورکیا راشیگەیاند "بۆ یەکەمجار ئەو مژدەیە رادەگەیەنین، هاووڵاتییان دەتوانن لە رێگەی پارێزەرانەوە داوای ڤیزا بکەن".
ئەو کۆنگرە رۆژنامەوانیە لەمیانی کردنەوەی سەنتەری پێدانی ڤیزای تورکیا بوو لە هەولێر کە عەلی رەزا گونەی باڵیۆزی تورکیا لە عێراق و ئایدن مەعروف وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان، و ھیمداد سەباح سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی لە پەرلەمانی کوردستان ئامادەی رێوڕەسمەکە بوون.
عەلی رەزا گونەی باڵیۆزی تورکیا لە عێراق، ئاماژەی بە کردنەوەی سەنتەرەکە کرد و رایگەیاند، کە بە مەبەستی پەرەپێدانی خزمەتگوزارییەکان و باشترکردنی کوالیتی کارکردنمان، ھەروەھا بۆ رێگریکردن لە بازرگانییکردن بە ڤیزاوە، ئەم سەنتەرەمان کردەوە و لەمەودوا ھەموو ھاووڵاتییان دەتوانن لە رێگای ئەم سەنتەرەوە باشترین خزمەتگوزارییان پێشکەش بکرێت.
باڵیۆزی تورکیا لە عێراق عەلی رەزا گونەی گوتیشی: "لە کۆی 12 سەنتەری پێدانی ڤیزای تورکیا لە عێراق، رۆژانە پێنج ھەزار داواکاری وەرگرتنی ڤیزا پێشکەش دەکرێت و لە وەرزی ھاویندا ئەم رێژەیە بەرزبووەوە بۆ حەوت ھەزار داواکاری، توانیوومانە بە باشترین کوالیتی خزمەتگوزارییەکان پێشکەشی ھاووڵاتییان بکەین".