پەیامی سەرەخۆشیی سەرۆك بارزانی بۆ خانەوادەی  قوربانیانی رووداوەكەی هەولێر

سه‌رۆك بارزانی
سه‌رۆك بارزانی

K24 – هه‌ولێر:

سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی، بۆ كۆچی دوایی پێنج هاووڵاتی، كه‌ چواریان منداڵ بوون له‌ رووداوێكی هاتوچۆ له‌سه‌ر شه‌قامی شه‌ست مه‌تری شاری هه‌ولێر په‌یامێكی سه‌ره‌خۆشی ئاراسته‌ی بنه‌ماڵه‌ی قوربانییه‌كان كرد.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بە داخێكی زۆرەوە سەر لەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی لە ئەنجامی ڕووداوێكی دڵتەزێنی هاتووچۆ لە یەكێك لە شەقامەكانی هەولێر پێنج كەس بوونە قوربانی كە چواریان منداڵ بوون و دوو كەسی تریش بریندار بوون.

پرسە و سەرەخۆشیی خۆم ئاراستەی بنەماڵە و خزم و كەسوكاری قوربانیانی ئەو ڕووداوە دڵتەزێنە دەكەم و خۆم بە هاوبەشی خەمیان دەزانم و هیوای چاكبوونەوەش بۆ برینداران دەخوازم.

لە خودای گەورە داواكارم ڕۆحی قوربانیان بە بەهەشتی بەرین شاد بكات و سەبر و ئارامی بە هەموو لایەك بدات.

انا للە و انا الیه راجعون

مسعود بارزانی

14ی تشرینی یەكەمی 2022