هێزه‌كانی توركیا دوو كه‌س ده‌كوژن

گۆمانیان هه‌بووه‌ سه‌ر به‌ داعشن و یه‌كێكیان خۆكوژه‌

 K24 – هه‌ولێر:

ئاژانسی هه‌واڵی فه‌ڕه‌نسی بڵاویكرده‌وه‌، كه‌مێك پێش ئێستا، هێزه‌كانی سوپای توركیا له‌سه‌ر سنوری نیوان وڵاته‌كه‌یان و سوریا، دوو كه‌سیان كوشتووه‌ به‌ گومانی ئه‌وه‌ی سه‌ر به‌ ڕێكخراوی داعش و یه‌كێكیان خۆكوژه‌.

زانیارییه‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌و خۆكوژه‌ به‌نیاز بووه‌، یان له‌ پارێزگای ئه‌ده‌نه‌ یان له‌ ئه‌نقه‌ره‌ خۆی بته‌قێنێته‌وه‌. 

پێش چه‌ند ڕۆژێكیش سوپای توركیا له‌سه‌ر سنوری نێوان وڵاته‌كه‌یان و سوریا، ژماره‌ك كه‌سی سڤیلیان كوشت، كه‌ چوار كه‌سیان سه‌ر به‌ یه‌ك خێزان بوون.

كوشتنی ئه‌و دوو كه‌سه‌ له‌كاتێكدایه‌، ڕۆژی سێ شه‌ممه‌  "3" خۆكوژ له‌ناو فڕۆكه‌خانه‌ی "ئه‌تاتورك" ی نێوده‌وڵه‌تی له‌ ئیستانبۆڵ ته‌قه‌یان له‌ گه‌شتیارانی ناو فڕۆكه‌خانه‌كه‌ كرد و دواتر خۆیان ته‌قانده‌وه‌.

له‌ ئه‌نجامی ئه‌و هێرشه‌دا 42 كه‌س كوژران و زیاتر له‌ 230 كه‌س بریندار بوون و تا ئیستا هیچ لایه‌نێك به‌رپرسیارییه‌تی خۆی له‌و ڕووداوه‌ ڕانه‌گه‌یاندووه‌.