فڕۆکەیه‌كی بێفڕۆکەوانی تورکیا له‌ شنگال ئۆتۆمبێلێکی چەکدارانی پەکەکە بۆردومان ده‌كات

بۆردومانكردنی ئۆتۆمبێلێكی چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌ له‌لایه‌ن فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانی توركیا - وێنه‌: ئه‌رشیف
بۆردومانكردنی ئۆتۆمبێلێكی چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌ له‌لایه‌ن فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانی توركیا - وێنه‌: ئه‌رشیف

K24 – هه‌ولێر:

لە ئەنجامی بۆردومانی فڕۆکەیه‌كی بێفڕۆکەوانی تورکیا بۆ سەر ئۆتۆمبێلێکی چەکدارانی پەکەکە له‌ قه‌زای شنگال، چەکدارێک کوژراو و 2 چەکداری دیکەش بریندار بوون.

بە گوێرەی زانیارییەکانی دژەتیرۆری کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە (3ی تشرینی دووەم/نۆڤێمبه‌ری )2022، کاتژمێر 18:25، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای تورکیا ئۆتۆمبێلێکی چەکدارانی پەکەکەی لە گەڕەکی نەسڕ لە قەزای شنگال کردە ئامانج، بەوهۆیەوە چەکدارێکی پەکەکە کوژراو و 2 چەکداری دیکەش بریندار بوون.

له‌ مانگی رابردوودا، فڕۆكه‌ بێفڕۆكه‌وانه‌كانی توركیا سێجار له‌ سنووری قه‌زای شنگال چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌ی كرده‌ ئامانج.

له‌كاتێكدا رۆژی 18ی تشرینی یەکەم/ئۆكتۆبه‌ری 2022، كاتژمێری 20:20، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای تورکیا، ئۆتۆمبێلی بەرپرسێکی چەکدارانی پەکەکەی لە گەڕەکی شەهیدان لە ناوەندی قەزای شنگال کردە ئامانج، بەهۆیەوە بەرپرسەکە و چەکدارێک کوژران و چەکدارێکی دیکەش بریندار بوو.

هه‌روه‌ها رۆژی پێنجشەممە 6ی تشرینی یەکەم/ئۆكتۆبه‌ری 2022، کاتژمێر 21:30، فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا لە چیای شنگال بارەگایەکی چەکدارانی یەبەشەیان کردە ئامانج و بەهۆیەوە زیانی گیانی و ماددیی لێکەوتەوە.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، رۆژی هه‌ینی (28ی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ری 2022)، کاتژمێر 15:40، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای تورکیا لە سکێنییەی سەر بە ناحیەی گرعوزێر لە قەزای شنگال، ئۆتۆمبێلێکی چەکدارانی پەکەکەی کردە ئامانج، بەهۆیەوە دوو چەکداری پەکەکە کوژران و سێ چەکداری دیکەش برینداربوون.