ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بودجەی جەنگی دژی ئێران پەسەند کرد
ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بودجەیەکی بە بڕی 95 ملیار دۆلار پەسەند کرد کە بودجەی تایبەت بە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی پەیوەست بە جەنگی ئێرانی تێدایە و پڕۆژەکەش بۆ بڕیاردانی کۆتایی رەوانەی ئەنجوومەنی پیران کرا.
ئەم بڕیارەی ئەنجوومەن تەنیا بە جیاوازی دوو دەنگ و بە کۆی 216 دەنگی بەڵێ بەرامبەر 214 دەنگی نەخێر تێپەڕێنرا، ئەمەش گومانی لای چاودێران دروست کردووە، پڕۆژەکە لە ئەنجوومەنی پیراندا بەم شێوەیەی ئێستای پەسەند بکرێت.
بەگوێرەی ناوەڕۆکی پڕۆژەکە، بڕی 73 ملیار دۆلار بۆ وەزارەتی بەرگری و ئاژانسەکانی هەواڵگری تەرخان کراوە بە مەبەستی دابینکردنی تێچووی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان و جەنگی دژی ئێران، هەروەها 12 ملیار دۆلار بۆ هاوکاریکردنی ئەو جووتیارانە دیاریکراوە کە بەهۆی جەنگی بازرگانییەوە زیانیان بەرکەوتووە، لەگەڵ تەرخانکردنی 10 ملیار دۆلار بۆ بەرنامەکانی تایبەت بە هەڵبژاردن.
هاوکات لەگەڵ ئەم بودجەیەدا، ئەنجوومەنی نوێنەران پڕۆژەیاسای ساڵانەی سیاسەتی بەرگری وڵاتەکەشی پەسەند کرد، تێیدا رێگە بە خەرجکردنی بڕی 1.15 تریلیۆن دۆلار بۆ وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا دەدرێت، ئەمەش وەک بەرزترین ئاستی خەرجی سەربازی لە مێژووی ئەو وەزارەتەدا ئەژمار دەکرێت.