جوتیار عادل: به‌م نزیكانه شاندی حكومه‌تی هه‌رێم سه‌ردانی به‌غدا ده‌كات
K24 – هه‌ولێر:
جوتیار عادل، گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له میانی به‌شداریكردنی له ژووری هه‌واڵی كوردستان24 رایگه‌یاند، بۆ سه‌ردانی به‌غدا، شاندی هه‌رێم چاوه‌ڕێی وه‌ڵامی حكومه‌تی ئیتیحادی ده‌كات.
جوتیار عادل له باره‌ی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی گفتوگۆی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا گوتی: پێشتریش چاوه‌ڕێی حكومه‌تی عێراق بووین بۆ ئه‌وه‌ی له ئاستیی پێویستدا پێشوازی له شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بكات و ئێستا ئێمه ئاماده‌ین و چاوه‌ڕێی وه‌ڵامی به‌غداین. بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ست به گفتوگۆ بكه‌ین له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراقدا.
گوتیشی: ئومێده‌وارین له‌م نزیكانه سه‌ردانی به‌غدا بكه‌ین، چونكه واده‌ی سه‌ردانه‌كه په‌یوه‌سته به ئاماده‌یی حكومه‌تی عێراقه‌وه، ناكرێت ئێمه بڕۆین به بێ ئه‌وه‌ی حكومه‌تی عێراق ئاماده بووبێت و تیمی ئاماده كردبێت.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، پێشتر رێككه‌وتن كراوه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ردوولا له باره‌ی چه‌ند پرسێكی جێناكۆكی نێوانیان ده‌ست به گفتوگۆ بكه‌ن، له‌و باره‌یه‌وه گوتی: رێككه‌وتن له باره‌ی هێڵی گشتیی كراوه، ئه‌مڕۆ له كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیراندا، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، هه‌موو وه‌زاره‌ته‌كانی راسپارد، هه‌ر وه‌زاره‌تێك به گوێره‌ی گرنگی و تایبه‌تمه‌ندی، خۆی ئاماده بكات.
روونیكرده‌وه، بابهتهكان دیارن و به‌شێكیان تایبه‌تن به ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێ كردن، وه‌ك نه‌وت و بودجه، به‌شێكیشیان په‌یوه‌ستن به ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان، بۆ نموونه ده‌ركردنی یاسای دادگای ئیتحادی و نه‌وت و غازه. ئه‌مانه بابه‌تی سه‌ره‌كیین، به گوێره‌ی خشته‌ی زه‌مه‌نی، بودجه ده‌كه‌وێته پێش هه‌موو بابه‌ته‌كانی دیكه. چونكه واده كه‌م ماوه بۆ تاوتوێكردنی بودجه.
ئاشكراشیكرد، له رێككه‌وتنه‌كه هاتووه، پێویسته لیژنه‌ی باڵای جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140 پێكبهێنرێته‌وه.
سه‌باره‌ت به هه‌وڵه‌كانی هه‌رێم و راده‌ی نیازپاكی به‌غدا بۆ جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنه‌كان، جووتیار عادل گوتی: حكومه‌تی عێراق له ساڵێكدا ته‌نیا دوو جار شایسته‌ی دارایی هه‌رێمی كوردستانی ناردووه. ئێمه جددین له بابه‌ته‌كه‌دا، حكومه‌ت په‌رۆشه بۆ سه‌ردانی به‌غدا و چاوه‌ڕێی به‌غداین، ئێمه داواكاریمان ئه‌وه بووه قوتی هه‌رێمی كوردستان به سیاسیی نه‌كرێت.
گوتیشی: تا ئه‌م چركه‌ساته، تا راده‌یه‌ك نیازی به‌غدا باشه، به‌ڵام نازانین له داهاتوو چۆن ده‌بێت، ئه‌زموونیشمان هه‌یه له رابردوودا، به‌ڵام خه‌ڵك دڵنیا بێت له‌وه‌ی كه حكومه‌تی هه‌رێم هیچ بیانوو و پاساوێكی بۆ به‌غدا نه‌هێشتووه‌ته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی بودجه نه‌نێرێت.