ئێزدییه‌كان دژی بڕیارێكی سوودانی ده‌وه‌ستنه‌وه
K24 – هه‌ولێر:
ڤیان ده‌خیل، ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، ره‌خنه‌ی له بڕیارێكی محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی ئیتیحادی گرت.
حكومه‌تی نوێی عێراق له بڕیارێكدا، وردبینی ئه‌منیی هه‌ڵوه‌شانده‌وه، كه پێشتر له پارێزگا رزگاركراوه‌كانی ده‌ستی داعش كاری پێده‌كرا.
ڤیان ده‌خیل ده‌ڵێت: هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و بڕیاره كاره‌ساتێكی گه‌وره‌یه.
گوتیشی: پێویسته لیژنه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه پێكبهێنرێت بۆ لێكۆڵینه‌وه له‌و ده‌زگا ئه‌منیانه‌ی وه‌ك خۆی بڕیاره‌كه‌ی پێشوویان جێبه‌جێ نه‌كردووه.
له 2019دا، ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نیشتمانی عێراق، بڕیاری دا وردبینی ئه‌منی له پارێزگا رزگاركراوه‌كان هه‌ڵبوه‌شێته‌وه، ته‌نیا له كه‌مپه‌كان بمێنێت.
ڤیان گوتیشی: وردبینی ئه‌منی زۆر گرنگه، له هه‌موو وڵاتێكی جیهان كاری پێ ده‌كرێت، چۆن ده‌كرێت له عێراقێك كه به ده‌ست تیرۆره‌وه گرفتاره وه‌لا بنرێت.
دوێنێ چوارشه‌ممه (9ی تشرینی دووه‌م/ نۆڤێمبه‌ری 2022)،
ئه‌نجوومه‌نی وه‌زاری ئاسایشی نیشتمانی، به سه‌رۆكایه‌تی محه‌ممه‌د شیاع سوودانی لیژنه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه‌ی پێكهێنا بۆ لێكۆڵینه‌وه له جێبه‌جێ نه‌كردنی بڕیاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی وردبینی ئه‌منیی له پارێزگا رزگاركراوه‌كاندا.
ڤیان روویكرده، سه‌رۆكی حكومه‌ت و سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران و گوتی: ئه‌گه‌ر وردبینی ئه‌منیی هه‌ڵده‌وه‌شێننه‌وه، ئه‌ی چی به‌و هه‌زاران ئێزدییه ده‌ڵێن، كه بوونه‌ته قوربانی تیرۆر.
ئه‌مڕۆش نوێنه‌ر و كه‌سوكاری قوربانیانی تاوانه‌كانی داعش له شنگال، له راگه‌یه‌ندراوێكدا دژایه‌تی خۆیان بۆ ئه‌و بڕیاره‌ی حكومه‌تی به‌غدا ده‌ربڕی و داوایان كرد، ره‌وشی پێكهاته‌كان به گشتیی و ئێزدییه‌كان له‌به‌ر چاو بگیرێت و رێگه خۆش نه‌كرێت بۆ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی تیرۆر له ناوچه‌كانیان.