درۆنەکانی ئێران بەسەر کۆیەدا دەسووڕێنەوە

K24 – هەولێر
فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان (درۆنەکان)ی کۆماری ئێرسلامی ئێران بە ئاسمانی کۆیەدا دەسووڕێنەوە و تەقەیان لێکراوە.
رێناس عەلی پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، چەند درۆنێکی ئێران لەسەر کۆیە دەسووڕێنەوە و لەلایەن هێزەکانی حزبی دیموکرات تەقەیان لێدەکرێت.
پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، دەنگۆی ئەوە هەبوو لە (قەڵای دیموکرات) لە کۆیە چەند کەسێک بریندارن، بەڵام شێروان جەلال بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی کۆیە دەڵێت: تائێستا هیچ بریندارێک رەوانەی نەخۆشخانەکانی کۆیە نەکراوە.
رێناس عەلی، باسی لەوەشکرد، وەکو تیمی کوردستان24 ویستویانە بچنە قەڵای دیموکرات و کەمپی ئازادی، بەڵام بەهۆی بوونی درۆن لە ئاسمانی کۆیە و مەترسییەکان رێگەیان پێنەدراوە.
راشیگەیاند، بەهۆی هێرشی مووشەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆوە زیانی ماددی زۆر بەر قەڵای دیموکرات و ماڵی ژمارەیەک هاووڵاتی کەوتووە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئێران چەند کەمپێکی نێشەجێبوون و بارەگاکانی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی بە درۆن و مووشەک کردە ئامانج، بەگوێرەی ئامارەکان پێشمەرگەیەک بەناوی (بەهزاد) شەهید بووە.