دژەتیرۆری کوردستان زانیاری لەبارەی هێرشی درۆنی و مووشەکی ئێران دەخاتەڕوو

K24 – هەولێر
دژەتیرۆری کوردستان زانیاری لەبارەی هێرشە مووشەکیەکەی ئێران دەخاتەڕوو رایدەگەیەنێت، لە هێرشەکەی سەر کەمپی جێژنیکان دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو بەکارهێندراون.
لە راگەیەندراوێکدا دژەتیرۆری کوردستان ئاماژەی بەوەداوە، سوپای پاسدارانی ئێران لە رێگەی حەفت مووشەک و درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە کەمپی چێژنیکان و بارەگای حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان بۆردومان کردووە و بەهۆیەوە کەسێک شەهید بوو.
بە گوێرەی زانیارییەکانی دژەتیرۆری کوردستان، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 21ی تشرینی دووەمی 2022، کاتژمێر 00:17، سوپای پاسدارانی ئێران لە رێگەی مووشەک و درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە هێرشی کردە سەر کەمپی جێژنیکان لە بەحرکە و بارەگاکانی هەریەکە لە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری کۆیە لە پارێزگای هەولێر و، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕانی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە زڕگوێزی سەر بە پارێزگای سلێمانی، لە ئەنجامی هێرشەکاندا کەسێک شەهید بوو.
دژەتیرۆری کوردستان راشیگەیاندووە، لە هێرشەکاندا نزیکەی حەفت مووشەک و درۆنی بۆمبڕێژکراو بەکارهێنراوە، بەجۆرێک دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو کەمپی جێژنیکانی لە بەحرکە و سێ مووشەک بارەگای حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانی لە نزیک شاری کۆیەی پارێزگای هەولێر کردووەتەوە ئامانج و تێیدا کەسێک شەهید بوو. هاوکات دوو درۆنی بۆمبڕێژکراویش بارەگای کۆمەڵەی شۆڕشگێڕانی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانی لە زڕگوێزی سەر بە پارێزگای سلێمانی کردووەتەوە ئامانج، هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە.