ئەردۆغان: هێرشی زەمینی دەستپێدەکەین
K24 – هەولێر
سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، لەمەودوا هێرشەکانیان بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان تەنیا ئاسمانی نابێت و هێرشی زەمینی دەستپێدەکەن.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەمڕۆ چوارشەممە 23/11/2022، لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ فراکسیۆنی حزبەکەی لە پەرلەمانی تورکیا هەڕەشەی زیاتر دەکات بۆ هێرشکردنە سەر رۆژئاوای کوردستان و دەڵێت: "هێرشەکانمان بە فڕۆکە و درۆن و تۆپ سەرەتاییە، هێرشی زەمینی دەستپێدەکەین".
ئەردۆغان ئێستا بە باشترین کات دەزانێت بۆ هێرشکردنە سەر رۆژئاوای کوردستان و ئاژانە بەوە دەکات، هێرشدەکەن سەر کۆبانێ، تەلرەفعەت و منبج.
گوتیشی: "ناوی ئەو لایەنانە بڵاودەکەینەوە کە پشتیوانی لە تیرۆر دەکەن"، کە مەبەستی پشتیوانییە لە هێزەکانی پەکەکە و یەپەگە.
بەگوتەی ئەردۆغان، ئەو لایەنانەی بەڵێنی پاراستنی تورکیایانداوە " بەڵێنەکەیان نەبردووەتە سەر".
سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت: "با عێراق و سووریا لە ئۆپەراسیۆنەکەمان نیگەران نەبن، ئەم ئۆپەراسیۆنە یەکپارچەیی خاکی عێراق و سووریا دەپارێزێت".
لەلایەکی دیکە خولوسی ئاکار وەزیری بەرگری تورکیا بە میدیاکانی وڵاتەکەی گوتووە: "لە ئۆپەراسیۆنی چنگ-شمشێر، 471 ئامانجمان پێکاوە".