ژماره‌ی كوژراوانی ته‌قینه‌وه‌ی به‌غدا بۆ 176 كوژراو به‌رزبووه
ئاماری جیاواز بڵاو ده‌كرێته‌وه
- هه‌ولێر
ئاژانسی سپوتنیكی روسی له‌سه‌ر زاری محمه‌د روبێعی جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئاسایشی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاری به‌غدا رایگه‌یاند ژماره‌ی كوژراوان زۆر زیاتره له‌وه‌ی كه راگه‌یه‌نراوه، باس له كوژرانی 176 كه‌س و برینداربوونی ژماره‌یه‌كی زیاتر ده‌كات.
پێشتر سه‌رچاوه ئه‌منی و ته‌ندروستییه‌كانی به‌غدا رایانگه‌یاندبوو 82 كه‌س به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌كانی به‌غدا كوژراون و 200 كه‌سی تریش برینداربوونه.
ته‌قینه‌وه‌ی كه‌ڕاده به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی بارهه‌ڵگرێكی بۆمبه‌كراو له نزیك " حسينية عبد الرسول" روویدا، كه داعش به‌رپرسایه‌تییه‌كی به ئه‌ستۆ گرتووه.
ئۆپه‌راسیۆنی به‌غدا رایگه‌یاند هێزه‌كانیان توانیویانه ئه‌ندامێكی گرووپێكی تیرۆریستی ده‌ستگیر بكه‌ن كه په‌یوه‌ندی به ته‌قینه‌وه‌كانی به‌غداوه هه‌یه، كه پاش ته‌قینه‌وه‌ی كه‌ڕاده ده‌ستیان به دزیكردن له بیناكانی ده‌وروبه‌ری ته‌قینه‌وه كردبوو.
وته‌بێژی ئۆپه‌راسیۆنی به‌غدا رایگه‌یاند ته‌قینه‌وه‌كه له‌كاتی قه‌ره‌باڵغی بازاركردن له ناوه‌ڕاستی به‌غدای پایته‌خت روویدا. ئاسمانی ناوچه‌كه به دووكه‌ڵی ته‌قینه‌وه‌كه داپوشراو و خه‌ڵك به ترس و دڵراوكێیه‌كی زۆر ناوچه‌كه‌یان به‌جێهشت.
هه‌ر پاش ته‌قینه‌وه‌كه‌ی كه‌ڕاده، ته‌قینه‌وه‌یه‌كی دیكه به‌هۆی پشتوێنێكی بۆمبه‌كراو له نزیك بازار شه‌لال له ناوچه‌یه‌كی شه‌عبی له باكووری به‌غدا روویدا.
پێشتر لیژنه‌ی ئه‌منی به‌غدا رایگه‌یاندبوو 60 كه‌س كوژراون و زیاتر له 100 كه‌سی تریش برینداربوونه.
ته‌قینه‌وه‌كانی به‌غدا پاش ئه‌وه دێن كه هێرشێكی خۆكوژی مزگه‌وتێك له ئه‌بوغرێب به دووری 25 كیلۆمه‌تری رۆژئاوای به‌غدا كردبووه ئامانج.
له ته‌قینه‌وه‌ی رۆژی سێشه‌ممه‌ی ئه‌بوغرێب 12 كه‌ش كوژرابوون، كه به یه‌كه‌م هێرشی ده‌وروبه‌ری به‌غدا هه‌ژمار ده‌كرێت، پاش رزگاركردنی فه‌لوجه له پارێزگای ئه‌نباری نزیك له به‌غدا.