سیرینا ویلیامز قۆناخێكی دیكه‌ی وێمبڵدۆنی بڕی
له پاڵه‌وانییه‌تیی تێنسی وێمبڵدۆنی 2016 كه یارییه‌كان له له‌نده‌نی پایته‌ختی بریتانیا به‌ڕێوه ده‌چن، سێرینا ویلیامز سه‌ركه‌وتنێكی گرینگی تۆمار كرد.
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ، سێرینا ویلیامز، تێنسزانی ئامێریكا و پێشه‌نگی پۆلێنكراوی جیهان ڕووبه‌ڕووی (ئانیك بیك) خانمه تێنسزانی ئه‌ڵمانیا بوویه‌وه و یارییه‌كه‌شی به ئاسانی و به دوو كۆمه‌ڵه‌ی بێ‌وڵام برده‌وه، ئه‌نجامی كۆمه‌ڵه‌كانیش (6 ـ 3) و (6 ـ 0) بوون، به‌م سه‌ركه‌وتنه‌ش سیرینا بۆ قۆناخی داهاتوو په‌ڕییه‌وه.
له پاڵه‌وانییه‌تیی وێمبڵدۆن كه له یه‌ككاتدا بۆ هه‌ردوو ئاستی كوڕان و كچان به‌ڕێوه ده‌چێت، له هه‌ر ئاستێك 128 تێنسزان به‌شداریی تێدا ده‌كه‌ن، جیا له‌وه‌ش پێشبڕكێی جووتی كوڕان و كچان و له‌سه‌ر ئاستی تازه‌پێگه‌ییشتووان، لاوان، پێشكه‌وتووان و به‌ساڵاچووان و خاوه‌ن پێدوایستییه تایبه‌ته‌كانیش به‌ڕێوه ده‌چێت.