ژمارەی كوژراوانی تەقینەوەكەی كەڕادە گەیشتە سەرووی 200 كەس
K24 - ھەولێر
بە گوێرەی دوایین ئامار ژمارەی كورژراوانی تەقینەوەكەی رۆژی یەكشمەی ئەم ھەفتەیە گەڕەكی كەڕادەی شاری بەغدا گەیشتە زیاتر لە 200 كەس.
بەرەبەیانی دوێنێ ته‌قینه‌وه‌یەك لە گەڕەكی كه‌ڕاده‌ی شاری بەغدا روویدا، ئەو تەقینەوەیە لە رێگەی ئۆتۆمبێلێكی بارھەڵگر لە نزیك " حسینیه عبد الرسول"ئەنجامدرا، دوای تەقینەوەكە داعش به‌رپرسایه‌تی خۆیی لەو كردەوە تیرۆریستیە راگەیاند.
گوته‌بێژی ئۆپه‌راسیۆنی به‌غدا رایگه‌یاند، ته‌قینه‌وه‌كه له‌كاتی قه‌ره‌باڵغی بازاڕكردن له ناوه‌ڕاستی به‌غدای پایته‌خت روویدا. ئاسمانی ناوچه‌كه به دووكه‌ڵی ته‌قینه‌وه‌كه داپوشراو و خه‌ڵك به ترس و دڵراوكێیه‌كی زۆر ناوچه‌كه‌یان به‌جێهشت.
هه‌ر پاش ته‌قینه‌وه‌كه‌ی كه‌ڕاده، ته‌قینه‌وه‌یه‌كی دیكه به‌هۆی پشتوێنێكی بۆمبه‌كراو له نزیك بازار شه‌لال له ناوچه‌یه‌كی شه‌عبی له باكووری به‌غدا روویدا، لیژنه‌ی ئه‌منی به‌غدا رایگه‌یاندبوو زیاتر لە 60 كه‌س كوژراون و زیاتر له 100 كه‌سی تریش برینداربوونه.
لە كاردانەوەكانی دژ بە تەقینەوەكە سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان لە بەیاننامەیەكدا ئیدانەی تەقینەوەكەیان كرد‌و و رایگەیاند: "زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو كردەوە قێزەوەن و ترسنۆكانەی تیرۆریستان دەكەین كە دوژمنی هەموو بەها ئاسمانی و مرۆڤییەكانن و سەرەخۆشیش لە كەسوكاری شەهیدانی ئەو كردەوە نامرۆڤانەیە دەكەین و هیوای چاكبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین".
سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان راشیگەیاند: "پەلاماردانی تیرۆریستان بۆ سەر ئاسودەیی و ژیانی هاووڵاتیان دادی شكستەكانیان نادات و لەوە دڵنیاین كە تیرۆریستەكان بە ئامانجەكانیان ناگەن و لە هەر شوێنەك بن چارەنووسیان شكست و لەناوچوونە".