پەرلەمانی ئەڵمانیا دەنگ لەسەر جینۆسایدی ئێزدییەکان دەدات

پەرلەمانی ئەڵمانیا دەنگ لەسەر جینۆسایدی ئێزدییەکان دەدات
پەرلەمانی ئەڵمانیا دەنگ لەسەر جینۆسایدی ئێزدییەکان دەدات

مەسعود وەرمێلی – K24 دهۆک:

بڕیار بوو 17ـی ئەم مانگە پەرلەمانی ئەڵمانیا دانیشتنێکی تایبەت بە پرسی بە جینۆسایدناساندنی کەیسی ئێزدییەکان رێکبخات و دەنگی لەسەر بدات، بەڵام بەهۆی چەند هۆکارێکەوە دانیشتنەکە بۆكۆتایی ئه‌م مانگه‌ دواخرا.

ئەندامێکی شاندەکە کە بڕیارە بەشداری دانیشتنەکە بکات، بە کوردستان24ـی راگەیاند، دانیشتنەکە لە کۆتایی ئەم مانگەدا سازدەکرێت و هەمو بەڵگە و ئامارەکانی تایبەت بە پرسی جینۆسایدی ئێزدییەکانیان ئامادەکراون.

سەرچاوەکە راشیگەیاند، بابەتی بە جینۆسایدناساندنی پرسەکە لە پەرلەمانی ئەڵمانیا گەرمە، بە تایبەت لەلایەن پارتی دیموکراتی ئازادی ئەڵمانیاوە پشتگیری زۆری لێدەکرێت.

بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24، بۆ ئەم دانیشتنە شاندێکی باڵای ئێزدییەکان سەردانی وڵاتی ئەڵمانیا دەکەن و ئامادەی دانیشتنەکە دەبن، هەروەها بەشێک لە رزگاربووانی جینۆسایدەکەش وەک شایه‌تحاڵی رووداوەکە گوتەیان لێوەردەگیرێت.

هەر بەپێی زانیارییەکان، تەوەرێکی دیكه‌ی دانیشتنەکە تایبەت دەبێت بە چۆنییه‌تی چارەسەرکردنی منداڵە رزگاربووەکانی ژێردەستی داعش.

لە کاتی پەلاماردانی شنگال لەلایەن داعشەوە، بە توندترین و دڕندانەترین شێوە کوردانی ئێزدی کەوتنە بەر شاڵا و جینۆسایدکردن و 6417 کوردی ئێزدی و لەلایەن چەکدارانی ئەو رێکخراوە رفێندران، کە تا ئێستا بە هاوکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان توانراوە  3562 کەسیان رزگاربکرێت و ئەوانی دیكه‌ تا ئێستاش بێ سەروشوێنن.

هەروەها بەشێکیان لە گۆڕە بە کۆمەڵەکاندا کۆمەڵکوژ و جینۆسایدکران، کە تا ئەمڕۆ  83 گۆڕی بە کۆڵ دۆزراونه‌ته‌وه‌ و لەگەڵ ئەوەش دا داعش 68 مەزارگە و پەرستگای تایبەت بە کوردانی ئێزدی لەناوبردن و وێرانیانکردن.

لە کۆمەڵکۆژییه‌كه‌ی شنگال دا، 2745 منداڵ بێ دایک و باوک ماونه‌ته‌وه‌، لەگەڵ ئه‌وه‌شدا نزیکەی 400 هه‌زار کوردی ئێزدی ئاوارەبوون و تائێستاش زۆربەی هەرە زۆریان نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ و لەژێر چادری کەمپەکان لە ژیانێکی سەخت دا ژیانیان بەسەردەبەن.