پارێزگای دهۆك.. لهماوهی ساڵی رابردوودا 143 پڕۆژه جێبهجێكراون

K24 - ههولێر:
حكومهتی ههرێمی كوردستان رایگهیاند، لە سنووری پارێزگای دهۆك له ماوهی ساڵی 2022دا، 143 پڕۆژە بە گوژمەی نزیكەی چوار ملیار دینار جێبەجێ كراون.
حكومهتی ههرێمی كوردستان له راگهیهندراوێكدا رایگهیاند: لەسەر داهاتی دامودەزگەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، ساڵی 2022 لە سنووری پارێزگای دهۆك، 143 پرۆژەی خزمەتگوزاری، بە گوژمەی 3 ملیار و 971 ملیۆن و 674 هەزار دینار، لە سێكتەرەكانی شارەوانی، ئاو و ئاوەڕۆ، گەشتوگوزار، نەخشەدانانی ئاوەدانی جێبەجێ كراون.
بهگوێرهی راگهیهندراوهكهی حكومهتی ههرێمی كوردستان، پڕۆژەكان و گوژمەكانیان بەم شێوەیە بوونە: سێكتەری شارەوانی، 64 پرۆژە بە گوژمەی دوو ملیار و 712 ملیۆن و 68 هەزار دینار جێبەجێ كراون. لە سێكتەری ئاو و ئاوەڕۆ، 77 پرۆژە بە گوژمەی ملیارێک و 231 ملیۆن و 656 هەزار دینار جێبەجێ كراون. لە سێكتەری گەشتوگوزار، یەك پڕۆژە بە گوژمەی 11 ملیۆن و 750 هەزار دینار جێبەجێ كراوە. لە سێكتەری نەخشەدانانی ئاوەدانی، یەك پڕۆژە بە گوژمەی 16 ملیۆن و 200 هەزار دینار جێبەجێ كراوە.
له كۆتایی راگهیهندراوهكهدا هاتووه: ئەو 143 پڕۆژەیە، تەنیا ئەو پرۆژانەن كە لەسەر داهاتی دامودەزگەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار جێبەجێ كراون، هاوكات لە ساڵی رابردوودا ژمارەیەك پڕۆژەی دیكەی خزمەتگوزاری لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە گوژمەیان بۆ تەرخان كراوە و تەواو كراون، هەروەها ژمارەیەك پڕۆژەی دیكە هەن كە كاركردن تێیاندا بەردەوامە.