عەلی حەمە ساڵح دۆڕاندی

K24 – هەولێر

عەلی حەمە ساڵح، پەرلەمانتاری کوردستان لە کەیسی دانانی کامێرای دیاریکردنی تیژڕەوی لە سلێمانی، لە دادگا بەرامبەر بە کۆمپانیایەک دۆڕاندی و بە 90 ملیۆن دینار پێبژاردن سزا دەدرێت.

ئەو پەرلەمانتارە پێشتر رەخنەی توندی لە دانانی کامێرای دیاریکردنی تیژڕەوی گرتبوو، کە پێیوایە ئەوە لە قازانجی چەند کەسێکە. عەلی حەمە ساڵح ئەمڕۆ یەکشەممە 15/1/2023 لەبارەی ئەو کەیسە نووسیویەتی: " سزادانێکی ناڕەوا، بەڵام من تەسلیمیان نابم و بەردەوام دەبم".

ئاماژە بەوەشکردووە: "دادگای بەرای سلێمانی بڕیاری سزادانی منی داوە بە (90 ملیۆن دینار) بیدەم بە کۆمپانیای تایبەت بە کامێرای دیاریکردنی تیژڕەوی، حوکمڕانی و دادگایەکی سەیر! بەرگری لە مافی گشتی بکەیت! سزات بدەن!".

دەشڵێت. من گوتومە: "حکومەت خۆی 98 کامێرای دیاری کردنی تیژڕەوی هەبووە، دیار نیە! ئێستا نابێت دوو کۆمپانیا لە دوو زۆنەکە 475 کامێرا بە سیستمی پۆینت توو پۆینت دابنێن. %70ی داهات لە سەرەتا بۆ کۆمپانیا بێت، ئەمە پێچەوانەی یاسایە و بۆ دەوڵەمەندکردنی چەند کەسێکە و بارگرانی گەورە دروستدەکات بۆ خەڵک! هەموو بەڵگەکانم خستە بەردەم دادگا، بەڵام ئامادەنەبوون گفتوگۆی بەڵگەکان بکەن! بەبێ ئەوەی بیسەلمێنن من زیانم لە کەس داوە، دادگای بەرای سلێمانی (90 ملیۆن دینار) سزای داوم".

ئەو پەرلەمانتارە لە راشیگەیاند: "ئەگەر پێتان وایە ئەم سزا بۆ ئەوەیە من پاشەکەشە بکەم و تەنازولتان بۆ بکەم زۆر هەڵەن. هەموو رێگایەک دەگرمەبەر بۆ رێگری لە هێنان و دانان و بەڕێوەبردنی کامێرای تیژڕەوی بەم سیستمە لە لایەن کۆمپانیاوە، سزادانی خەڵک نادرێت کۆمپانیا".