حكومهتی ههرێمی كوردستان: قۆناخی یەکەمی پڕۆژەی بە بازاڕکردنی گەنمی جووتیاران لە سلێمانی تەواو بووە
K24 - ههولێر:
حكومهتی ههرێمی كوردستان رایگهیاند، قۆناخی یەکەمی پڕۆژەی بە بازاڕکردنی گەنمی جووتیاران لە سلێمانی تەواو بووە، بەڕێوەبەری پڕۆژەی بەبازاڕکردنی گەنمی جووتیارانیش لە سلێمانی رایگەیاند، پڕۆژەکە لە چەند قۆناغێک پێکدێت و لە ماوەی پێنج ساڵدا تەواو دەکرێت و گوژمەی دروستکردنەکەشی 128 ملیۆن دۆلارە.
ئهمڕۆ شهممه (21ـی كانوونی دووهم/یهنایهری 2023)، فهرمانگهی میدیا و زانیاریی حكومهتی ههرێمی كوردستان له راگهیهندراوێكدا ئاماژهی بهوهكردووه، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان به جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی ستراتیژیی کەرتی کشتوکاڵی، کێشەی بەبازاڕکردن و ساخکردنەوەی گەنمی جووتیارانی سنووری پارێزگای سلێمانی چارەسەر دەکات.
له راگهیهندراوهكهدا هاتووه، پڕۆژەی نیشتمانیی بە بازاڕکردنی گەنمی جووتیاران لە سلێمانی، لە 30 سایلۆ پێکهاتووە، کە ساڵانە توانای وەرگرتنی 150 هەزار تۆن گەنمیان هەیە، لەگەڵیشیدا پێنج کارگەی بەرهەمهێنانی ئارد، ساوەر، بڕوێش، پاستا و عەلەفی ئاژەڵ دروستکراوە.
زاهیر زانا، بەڕێوەبەری پڕۆژەی بەبازاڕکردنی گەنمی جووتیاران لە سلێمانی، بە پێگەی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستانی راگەیاند :"پڕۆژەکە لە چەند قۆناغێک پێکدێت و لە ماوەی پێنج ساڵدا تەواو دەکرێت و گوژمەی دروستکردنەکەشی 128 ملیۆن دۆلارە."
ئهوهش خراوهتهڕوو، لە ئێستادا قۆناخی یەکەمی پڕۆژەکە تەواو بووە و لەکاتی کارکردنیدا هەلی کاری بۆ 300 دەستی کاری ناوخۆیی ڕەخساندووە و بە تەواوبوونی هەر پێنج قۆناغەکەش، پێنج هەزار هەلی کاری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەڕەخسێنێت.
بەڕێوەبەری پڕۆژەکە بە پێگەی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستانی گوت: "قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکە 12 سایلۆ لەخۆ دەگرێت، کە توانای عەمبار کردنی 60 هەزار تۆن گەنمی هەیە و کارگەی بەرهەمهێنانی ئاردیش بەشێکە لە قۆناخی یەکەمی پڕۆژەکە و ساڵانە توانای بەرهەمهێنانی 360 هەزار تۆن ئاردی هەیە."
له كۆتایی راگهیهندراوهكهدا هاتووه: ئەم پڕۆژەیە، یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پارێزگای سلێمانی، بە تەواوبوونیشی ئاسایشی خۆراک لە هەرێمی کوردستان و پارێزگای سلێمانی، دەستەبەر دەکات.