پارێزگاری دهۆك: شوێنی ناوچه‌ی پیشه‌سازی به‌ڕۆشكێ ده‌كرێته پاركێكی گشتی

K24 - هه‌ولێر:
پارێزگاری دهۆك رایگه‌یاند، له‌ماوه‌ی چه‌ند رۆژی داهاتوودا ناوچه‌ی پیشه‌سازی به‌ڕۆشكێ چۆڵده‌كرێت و شوێنه‌كه‌ی ده‌كرێته پاركێكی گشتیی گه‌وره و سه‌رنجڕاكێش.
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه (22ـی كانوونی دووه‌م/یه‌نایه‌ری 2023)، عه‌لی ته‌ته‌ر، پارێزگاری دهۆك له‌میانی كردنه‌وه‌ی شه‌قامێكی 30 مه‌تری و چه‌ند پرۆژه‌یه‌كی دیكه له‌نێو شاره‌كه‌دا، له كۆنفراسێكی رۆژنامه‌وانیدا باسی كردنه‌وه‌ی ناوچه‌ی پیشه‌سازی نوێی "ئالۆكا" له شاری دهۆك و چۆڵكردنی ناوچه‌ی پیشه‌سازی ئێستای به‌ڕۆشكێ كرد.
به‌گوته‌ی پارێزگاری دهۆك، كاره‌كانی ناوچه‌ی پیشه‌سازی نوێی "ئالۆكا" ته‌واوبوونه و یه‌كێكه له گه‌وره‌ترین ناوچه‌كانی پیشه‌سازی له عێراق و هه‌رێمی كوردستان. گوتیشی، "ناوچه‌ی پیشه‌سازی به‌ڕۆشكێ چۆڵده‌كرێت و له داهاتوودا ده‌كرێته پاركێكی جوان و سه‌رنجڕاكێشی شاری دهۆك و به‌و شێوه‌یه‌ش دیمه‌نی دهروزای شاره‌كه جوانتر ده‌بێت و به‌هۆیه‌وه ژینگه‌ی شاره‌كه‌ش پاك ده‌بێته‌وه."
له‌باره‌ی ئه‌گه‌ری درێژكردنه‌وه‌ی مۆڵه‌تی چۆڵكردنی ناوچه‌ی پیشه‌سازیی به‌ڕۆشكێ، پارێزگاری دهۆك به‌پێویستی نازانێت ماوه‌ی مۆڵه‌ته‌كه درێژبكرێته‌وه، چونكه به گوته‌ی ناوبراو "هیچ هۆكارێك نییه وا بكات ماوه‌ی مۆڵه‌ته‌كه درێژبكرێته‌وه".
روونیشیكرده‌وه، "تا 26ـی ئه‌م مانگه پێویسته ناوچه‌ی پیشه‌سازی به‌ڕۆشكێ چۆڵكبرێت و سه‌رجه‌م ئه‌و كرێكار و كاسبكارانه‌ی له‌نێو ناوچه‌كه‌دا كاریان ده‌كرد، كاره‌كانیان بۆ ناوچه‌ی پیشه‌سازی نوێی ئالۆكا بگوازنه‌وه.