رێژەی لەدایکبوون لە ژاپۆن کەمی کردووە و سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەش هۆشداری دەدات

"رەنگە چیتر نەتوانین وەک کۆمەڵگەیەک بەردەوام بین"

فوميو كيشيدا، سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن
فوميو كيشيدا، سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن

K24 - هەولێر:

سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن هۆشداری دەدات لە دابەزینی رێژەی لەدایکبوون و دەڵێت، وڵاتەکەی لە لێواری لەکارکەوتندایە، بەجۆرێک کە رەنگە چیتر نەتوانن وەک کۆمەڵگەیەک بەردەوام بن.

ژاپۆن کە ئێستا ژمارەی دانیشتوانی زیاتر لە 125 ملیۆن کەسە، بەگوێرەی خەمڵاندنەکان، لە ساڵی رابردوو کەمتر لە 800 هەزار منداڵ لە وڵاتەکەدا لەدایکبوون، لەکاتێکدا ژمارەی لەدایکبوون لە حەفتاکانی سەدەی رابردوودا گەیشتبووە زیاتر لە دوو ملیۆن.

رێژەی لەدایکبوون لە چەندین وڵات رووی لە کەمی کردووە، لەنێویاندا ژاپۆن و چین.

کەمبوونەوەی رێژەی لەدایکبوون رەنگە بۆ هەموو وڵاتەکان نەبێتە گرفت، بەڵام بۆ ژاپۆن ئاڵانگاری گەورە دروست دەکات، چونکە لەو وڵاتە، ژمارەی کەسانی بەساڵاچوو لەو وڵاتە رێژەی لە سەدا 28ـی دانیشتوان پێکدەهێنن، کە بەپێی " World Bank Data"، دووەم وڵاتە لە زۆری ژمارەی بەساڵاچووان لەدوای مۆناکۆوە.

فوميو كيشيدا، سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن لەو بارەیەوە رایگەیاند، ژاپۆن لە لێواری کەوتندایە، بەجۆرێک رەنگە نەتوانێت وەک کۆمەڵگەیەک بەردەوام بێت.

گوتیشی: گرنگیدان بە سیاسەتەکانی تایبەت بە منداڵان و پەروەردەکردنی منداڵ پرسێکە کە ناتوانرێت دوابخرێت.

فوميو كيشيدا ئاماژەی بەوەشکرد، لە کۆتاییدا دەیەوێت حکومەت خەرجییەکانی بۆ بەرنامەکانی پەیوەست بە منداڵان دوو هێندە بکات. راشیگەیاند، لە مانگی نیساندا دەزگایەکی نوێی حکومی بۆ گرنگیدان بەو پرسە دادەمەزرێت.

سەرەڕای هەوڵەکانی سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن، بەڵام لە رابردووشدا ستراتیجی هاوشێوە گیراوەتەبەر، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون.

Fly Erbil Advertisment