شوێنەوارناسێکی میسری دۆزینەوەی "مێسی" فیرعەونەکانی راگەیاند

K24 - هەولێر:

زاهی حەواس، پسپۆڕی بواری شوێنەوارناسی دۆزینەوەی نۆ پەیکەری راگەیاند، کە لەکاتی کاری توێژینەوەی شوێنەواریی لە ناوچەی سەقارە دۆزراونەتەوە و خاوەنەکەیان کەسێک بووە بەناوی "مێسی".

زاهی حەواس، وەزیری پێشووی میسر بۆ کاروباری شوێنەوارەکان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە قاهیرە رایگەیاند، ژمارەیەک پارچەی شوێنەواری سەردەمی خێزانی پێنجەمی فیرعەونەکان لە ناوچەی سەقارە دۆزراونەتەوە.

ئەو شوێنەوارناسە گوتی "لەنێو پارچە شوێنەوارییەکاندا، نۆ پەیکەری رەنگاورەنگی لە بەرد دروستکراو دۆزراونەتەوە، بەڵام هیچ ئاماژەیەک بە ناوی خاوەنەکەیان لەسەر پەیکەرەکان نەبووە".

ئەوەشی خستەروو، دوای چەند مانگێك لەم دۆزینەوەیە، دەرگایەکی ساختە لە شوێنی پەیکەرەکان دۆزاوەتەوە، کە ئاماژە بەوەدەدات خاوەنی پەیکەرەکان کەسێکە بەناوی "مێسی" و مێژووەکەی بۆ سەردەمی خێزانی پێنجەمی فیرعەونەکان دەگەڕێتەوە.

.

پەیکەرەکان لەجۆری بەردی (Limestone) دروستکراون و پێکهاتوون لە پیاوێك و هاوسەرەکەی و خزمەتکارەکانیان، مێژووەکەشیان بۆ ساڵەکانی 2449 – 2487ـی پێش زایین دەگەڕێتەوە.

ئاماژەدان بە ناوی مێسی لە کۆنفرانسەکەدا، سەرنجی رۆژنامەوانانی بۆ لای ئەستێرەی تۆپی پێی ئەرجەنتینی لیۆنێل مێسی راکێشا، کاتێكیش زاهی حەواس لەبارەی پەیوەندی نێوان مێسی فیرعەونەکان و مێسی ئەرجەنتینی پرسیاری لێکرا، ئاشکرایکرد کە هیچ پەیوەندییەک لەنێوان ئەو دووانە نییە و تەنیا لێکچوونی ناوەکانیانە.

بە گوێرەی زانیارییەکان، مێسی فیرعەونەکان کەسایەتییەکی ئایینی نزیک لە فیرعەون (پیپی یەکەم) بووە، سەردەمی حوکمڕانی ئەو فیرعەونە بە سەردەمێکی سەقامگیر و گەشەسەندن ناسراوە.