كوردستان24 زانیاری نوێ لهبارهی كوژرانی پێنج هاووڵاتییهكهی دهۆك بڵاودهكاتهوه
K24 - دهۆك:
لەسەر دۆسیهی کوژرانی پێنج هاووڵاتییەکەی دهۆک، سێ کەس لە دهۆک دەستگیرکراون و کوردستان24 زانیاری نوێ لەسەر رووداوەکە بڵاودەکاتەوە.
سەرچاوەیهكی ئەمنی لە شاری دهۆک کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە کوردستان24ی راگەیاند، دوای ئەنجامدانی تاوانەکە، سێ کەسیان کە هەر هەموویان خەڵکی باکووری کوردستانن و دانیشتوی شاری دهۆک بوون لەسەر کەیسەکە دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت
بەپێی سەرچاوەکەی کوردستان24، سێ کەسەکە خزمی نزیکی تاوانبارە سەرەکییەکەن، کە یەکێکیان ئاوەڵزاوا و یەکێکیتر کورە خەزوری و ئەویتریشیان خزمێکیانە و پێش ئەنجامدانی تاوانەکە لەگەڵ تاوانبارە سەرەکییەکە لە یەک خانوو له شاری دهۆک ژیاون.
ئەوەشی ئاشکراکرد، سێ تۆمەتبارەکە لەژێر لێکۆڵینەوە دەمێنن تاكو دادگای تورکیا بڕیاری کوتایی لەسەر ئەنجامدەرانی رووداوەکە دەدات و هەرکاتێک بێ تاوانبونیان سەلمێنرا، ئەوکات ئازاد دەکرێن.
لە 19ی مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، پێنج هاووڵاتی دهۆک کە بەمەبەستی چارەسەری پزیشکی روویان لە باکووری کوردستان و تورکیا کردبوو، لەنزیک شاری نسێبین دەکەونە بۆسەی چەند چەکدارێکەوە و هەرپێنجیان کە زۆربەیان کەسانی بە تەمەن بوون، کۆمەڵکۆژ دەکرێن.
دوای رووداوەکە بە چەند کاتژمێرێک پۆلیسی دەوڵەتی تورکیا چەند تۆمەتبارێکیان دەستگیرکرد، کە لە نێویاندا دوو تاوانباری سەرەکی هەبوون و دواتر لەبەردەم دادگا دانیان بە تاوانەکەیان دا نابوو.