شاندی حكومهتی عێراق لهگهڵ ژووری بازرگانی ئهمەریكا و كۆمپانیاكانی ئهو وڵاته کۆدەبێتەوە
K24 - هەولێر:
شاندێکی باڵای عێراق کە لە نزیکەی 20 کەس لە وەزارەتەکانی دەرەوە، پلاندانان، ئابووری و نەوت لەگەڵ ژمارەیەک راوێژکاری حکومەت بە سەرۆکایەتیی دکتۆر فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق لهگهڵ ژووری بازرگانی ئهمەریكا و كۆمپانیاكانی ئهو وڵاته کۆدەبێتەوە.
فوئاد حوسێن، وهزیری دهرهوهی عێراق سهبارهت به پهیوهندییهكانی عێراق و ئهمریكا رایگهیاند، به وڵاتانی دراوسێمان گوتووە دەمانەوێت پەیوەندییەکی بەهێزمان لەگەڵ ئەمەریکا هەبێت و بۆ ئهو مهبهستهش ههماههنگی تهواو دهكهین بۆ ئهوهی کۆمپانیاکانی ئەمەریکا وەبەرهێنان لە عێراق بکەن و ئامادهشین ههموو ئاسانکارییەک بۆ وەبەرهێنانی کۆمپانیا ئەمەریکییەکان بکەین.
وەزیری دەرەوەی عێراق ئەوشی خستەڕوو، کاری جددی دەکەن بۆ بەرەوپێشبردنی سیستەمی دارایی و بانکی له عێراقدا، لهبارهی دۆخی ئهمنیشهوه گوتی: له ئێستادا دۆخی ئهمنی بهراورد به پێشوو زۆر باشتره.
لای خۆیهوه ژووری بازرگانی ئەمەریکا رایگهیاند، دەرفەتی زۆری وەبەرهێنان لە بواری گاز لە عێراقدا هەیە.
شاندی عێراق بەرپرسە باڵاکان و راوێژکاران لەخۆدەگرێت کە پێدەچێت بیانەوێت کۆمەڵێک مژاری پەیوەست بە دۆخی ئابووری، سیاسی و ئەمنی لەگەڵ واشنتن یەکلابکەنەوە.
فوئاد حوسێن سەبارەت بە سەردانی شاندەکەی عێراق بۆ ئەمەریکا گوتی: جگە لە پرسی بەهای دۆلار و پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمەریکا، ئامانجێکی دیکەی شاندەکە، تایبەتە بە شێوازی مامەڵەکردنی حکومەتی عێراق لەگەڵ ئەو وڵاتانەی لەنێو لیستی سزاکانی ئەمەریکادان، ئێران و رووسیا لەسەرووی هەموویانەوە.
رووسیا کە زیاتر لە 11 ملیار دۆلار وەبەرهێنانی لە کەرتی وزەی عێراقدا کردووە، حکومەتی عێراق پارەی کۆمپانیاکانی قەرزدارە، بۆ ئەو مەبەستە سەرەتای ئەم هەفتەیە مۆسکۆ وەزیری دەرەوەی رەوانەی بەغدا کرد.
هاری ئیسپێنتانیان، لێکۆڵەری باڵا لە پەیمانگەی وزەی عێراق لەوبارەیەوە گوتی: "ئیدارەی ئەمەریکا دڵخۆش نەبوو بە بینینی سێرگی لاڤرۆڤ لە بەغدا. هۆکارەکەشی ئەوەیە کە لەوانەیە پێیان وابێت کە رووسیا عێراق وەک رێڕەوێک بەکاربهێنێت بۆ ئامانجەکانی خۆی لە رێگەی سیستەمی بانکی".
ئەو لێکۆڵەرە تیشکی خستەسەر ئەوەی، کە لاڤرۆڤ لەکاتی چاوپێکەوتنێکیدا باسی لەوەکردەوە، دەکرێت رووسیا و عێراق لە رێگەی دراوی نیشتمانیی هەردوو وڵات ئاڵوگۆڕی بازرگانی ئەنجام بدەن، ئەوەش بابەتێکە کە پێناچێت ئیدارەی ئەمەریکا قبووڵی بکات.