پێش یارییه‌كه‌ی ئه‌مشه‌و یاریزانێكی ریال مه‌درید تووشی ئه‌نفله‌وه‌نزا بووه‌

كه‌ریم بێنزێما و ڤینسۆس جۆنیۆر
كه‌ریم بێنزێما و ڤینسۆس جۆنیۆر

ریال مەدرید دوای بردنەوەکەی یاریی رابردووی بەرامبەر ئێلچێ، ئه‌مشه‌و لە گەڕی 22ـی لالیگا دەبێتە میوانی ئۆساسۆنا، شاهانەکان لەوەتەی ساڵی 2011 لە یاریگای ئەو یانەیە نەدۆڕاون، بۆ ئەم یارییە کەریم بێنزێما گۆڵکاری فەرەنسی مێرنگی بانگهێشتنەکراوە و بەشداری یارییەکە ناکات.
ریال مەدرید دوای سێ یاریی، دواجار گەڕی رابردووی لالیگا توانی بردنەوە بەدەست بێنێت، کاتێک لە یارییە دواخراوەکەی گەڕی 21 میوانداریی ئێلچێ خاوەنی پلەی کۆتایی ریزبەندی کرد و یارییەکەشی بە ئەنجامی چوار گۆڵی بێوەڵام لێبردەوە، شاهانەکان پێش ئەو یارییە، سێ یاریی بوو لەسەر یەک تامی بردنەوەیان نەکردبوو.
لە راهێنانەکانی ئەمڕۆی شاهانەکان هەر یەکە لە کەریم بێنزێما و تۆنی کرووس و فێرلاند مێندی بەشداریان نەکرد، گۆڵکارە فەرەنسیەکە بۆ ئەم یارییە بانگهێشت نەکراوە و بەشداری ناکات، تیمی پزیشکی یانەکەش دەیەوێت ئەو یاریزانە بە تەواوەتی بۆ یارییەکەی بەرامبەر لیڤەرپوول لە قۆناغی شازدەی چامپیۆنزلیگ ئامادە بکات.
کارلۆ ئانچێلۆتی راهێنەری یانەی ریال مەدرید، لە کۆنگرەوەی رۆژنامەوانی پێش یارییەکە باسی لە بەشداری نەکردنی بەشێک لە یاریزانەکانی یانەکەی بۆ ئەم یارییە کرد، لەوانەش کەریم بێنزێما و تونی کرووس.

کارلۆ ئانچێلۆتی: تۆنی كرووس تووشی ئه‌نفله‌وه‌نزا بووه‌
كارلۆ ئانچیلۆتی راهێنه‌ری یانه‌ی ریال مه‌درید له‌ پرێس كۆنفرانسێك پێش یارییه‌كه‌ی ئه‌مشه‌و گوتی: کەریم بێنزێما و تۆنی کرووس لە دوایین یەکەی ئامادەکاری یانەکەیان بەشداریان نەکرد، کەریم هەست بە ماندوو بوون دەکات، بۆیە بڕیارمانداوە بۆ ئەم یارییە بانگهێشتی نەکەین و دەمانەوێت بۆ یارییەکەی بەرامبەر لیڤەرپوول بە تەواوەتی ئامادەبێت. هەروەها تۆنی کرووس تووشی ئەنفلەوەنزا بووە و بۆ یارییەکەی بەرامبەر ئۆساسۆنا بەردەست نابێت".

ئۆساسۆنا لە کاتێکدا میوانداریی ریال مەدرید دەکات، یاریی قۆناغی یەکەم لە سانتیاگۆ بیرنابیۆ خاڵێکی لە مێرنگی وەرگرت، بەڵام ئەو یانەیە لە دوایین 15 یاریی بەرامبەر پاڵەوانەکەی وەرزی رابردووی لالیگا هیچ یارییەکی نەبردووەتەوە و درێژترین ماوەی ئەو یانەیە کە بەرامبەر یانەیەک هیچ یارییەکی نەبردبێتەوە.
ریال مەدرید لە دوایین هەشت یاریی لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەرامبەر ئۆساسۆنا نەدۆڕاوە، لەو هەشت یارییەش پێنج یارییان بردووەتەوە و لە سێ یاریش بەرامبەربوونە، هەروەها دوایین دۆڕانیشیان بەرامبەر ئەو یانەیە لە ساڵی 2011 بوو.
ئۆساسۆنا تاکە یانەکەی ئەم وەرزەی لالیگایە هیچ یارییەک لە یاریگای خۆی یەکسان نەبووە، ئەو یانەیە ئەم وەرزە 10 یاریی لە یاریگای خۆی کردووە شەش یاریی بردووەتەوە و لە چوار یاریش دۆڕاوە.
ریال مەدرید پێش ئەم یارییە بە کۆکردنەوەی 48 خاڵ و بە جیاوازی هەشت خاڵ لەگەڵ بارسێلۆنای پێشەنگ، لە پلەی دووەمی ریزبەندی خولی ئیسپانیا دێت، هەروەها ئۆساسۆنا ئەو یانەیەش خاوەنی 30 خاڵە و لە پلەی نۆیەمی ریزبەندی خولەکە دێت.