خاوەن پشكەكانی چاڤیلاند داوای دادگاییكردنی شاسوار عەبدولواحید دەكەن
"نزیكەی 30 ملیار و 500 ملیۆن دینارمان داوە بەم پڕۆژەیە"
K24 - سلێمانی
لە گردبوونەوەیەكدا لەبەردەم پڕۆژەی گەشتیاری چاڤیلاند لە شاری سلێمانی نوێنەرانی خاوەن پشكەكانی چاڤیلاند داوا دەكەن پشكەكانیان بۆ بگەڕێندرێتەوە، ھەروەھا داوای دادگاییكردنی خاوەنی پڕۆژەكە دەكەن كە شاسوار عەبدولواحید خاوەنی گرووپەكانی كۆمپانیای نالیایە.
ھێمن رەسوڵ نوێنەری خاوەن پشكەكانی چاڤیلاند بە كوردستان24 گوت: "ئێمە نزیكەی 9 ھەزار و 700 ھاووڵاتی نزیكەی 30 ملیار و 500 ملیۆن دینارمان داوە بەم پڕۆژەیە و بووینەتە خاوەن پشك، لە یەكەمین كۆبوونەوەی خاوەن پشكەكان پێمان گوتراوە ئێوە خاوەنی 49% ی ئەم پڕۆژەیەن و 51% ی بۆ شاسوار ماوەتەوە، لە ساڵی 2011 پارەمانداوە و لە ساڵی 2013 پڕۆژەكە دەستی ئیشكردن كردووە و تا ئێستا تەنھا قازانجی 6 مانگ دابەشكراوە، ئەوەش بەو رێژەیە نییە كە ئێمە بەشداریمان تێدا كردووە".
لە یاداشتێكدا خاوەن پشكەكانی چاڤیلاند ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن پڕۆژەكە لە كۆمپانیای نالیا فرۆشتراوە بە كۆمپانیای چاڤی بەمەش پارەی زیاتر ھاتووەتە سەر پڕۆژەكە، داوا دەكەن شاسوار عەبدولواحید خاوەنی پڕۆژەكە دادگایی بكرێت.