هۆشداری لە هەڵگیرسانی جەنگی سێیەمی جیهانی دەدرێت

K24 – هەولێر

سەرۆکی ئۆکرانیا هۆشداری لە هەڵگیرسانی جەنگی سێیەمی جیهانی دەدات و دەشڵێت: سەرۆکی رووسیا بە هیچ شێوەیەک سیاسەتەکانی ناگۆڕێت.

 ڤۆلۆدیمیر زێلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند، لە ئەگەری رێککەوتنی چین لەگەڵ رووسیا ئەوە جەنگێکی جیهانی دروست دەبێت.

بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی Welt ی ئەڵمانی کە سەرچاوەکەی بۆ رۆژنامەی La Repubblicaی ئیتاڵی گەڕاندووەتەوە زێلێنسکی گوتوویەتی: "ئەگەر چین رێککەوتن لەگەڵ رووسیا ئەنجامبدات ئەوە جەنگێکی جیهانی دروستدەبێت و پێموایە چین ئاگاداری ئەوە هەیە".

زێلێنسکی، جەختی لەوە کردەوە کە پرسی چین زۆر ئاڵۆزە و گوتی: "بۆ ئێمە پاڵپشتی نەکردنی رووسیا لەلایەن چینەوە لەم جەنگە زۆر گرنگە. لە راستیدا دەمەوێت لاینگری ئێمە بێت، بەڵام پێموایە لە ئێستادا ئەمە ناکرێت. بەڵام ئەگەر بەشێوەیەکی پراگماتیکی هەڵسەنگاند بۆ ئەمە بکرێت ئەوە وەکو دەرفەتێک بۆ چینی دەبینم".

ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، باسی لەوەش کرد کە "ئەمڕۆ یان سبەی رۆژئاوا لە پاڵپشتیکردنی ئۆکراینا ماندوو دەبێت و لە وەڵامی پرسیاری "ئایا دەترسن لە بە تەنها رووبەڕووبوونەوەی رووسیا؟، گوتی: "کەس حەز ناکات بە تەنها شەڕ بکات، ئەمە شتێکی ئاساییە. ئەگەر کەسانێک بیر لەوە بکاتەوە کە ئۆکراینا رۆژێک دێت بە تەنها دەمێنێتەوە، ئەو کات مانای ئەوە دەدات کە لەوە تێنەگەیشتووە کە بۆ کێ و لە پێناو کێ دەجەنگین. ئەگەر رۆژئاوا واز لە پاڵپشتیکردنمان بهێنێت، وڵاتەکەمان لەناو دەچێت و چیتر نامێنێت".

زێلێنسکی، ئەوەشی خستەڕوو کە ئۆکراینییەکان نەفرەت لە سیاسەتەکانی سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیتر پوتین دەکەن و پوتینیش بە هیچ شێوەیەک ئەمە ناگۆڕێت.

لەلایەکی دیکە ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی رووسیا بەشداریکردنی وڵاته‌كه‌ی لە رێککەوتنی ستارت هەڵپەسارد، کە ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ ئاڵۆزتر بوونی پەیوەندی نێوان وڵاتانی زلهێز و هەڵگیرسانی جەنگێکی دیکەی جیهانی.