یاریزانێكی ئافرەت بەبێ ئەوەی بزانێت دووگیانە بووەتە گۆڵكاری خولی فه‌نزوێلا

.
.

K24 - هەولێر

رۆژنامەی "زە تایمز"ی بەریتانی بڵاویکردەوە، هێرشبه‌رێكی تۆپی پێی ئافره‌تانی فه‌نزوێلا،  توانی ببێته‌ گۆڵكاری خولی وڵاته‌كه‌ی، به‌بێ ئه‌وه‌ی بزانێت دووگیانه‌ و گۆرپەکەی ناو سكی شەش مانگانه‌.

لیدی ئوربینا، تەمەن 25 ساڵ، وەک هێرشبەرێكی ئەستێرە لە خولی تۆپی پێی پلە یەکەکانی ئافرەتانی فەنزوێلا یاری دەکات، رایگه‌یاند، پێنج رۆژ لەمەوبەر کوڕی دووەمی لەدایکبووە، ده‌شڵێت: چاوەڕێی ئەوەم نەدەکرد ببمه‌ گۆڵکاری خولی وڵاته‌كه‌م و له‌كاتی یاریكردنیشدا دوای هەموو یارییەک هەستم بە کەمێک ماندوێتی دەکرد و هاورێكانم گاڵته‌یان پێده‌كردم.

ئه‌و باسی له‌وه‌ كرد، دوای ئەوەی هه‌ستی به ‌كه‌مێك ماندوێتی كردووه‌، بڕیاریداوە هەندێک پشکنینی پزیشکی ئەنجامبدات، دواتر بۆی دەرکەوتووە کە دووگیانه‌ و  ماوه‌ی دووگیانه‌ و کۆرپەکەی ناو سکی شەش مانگانه‌، پاشان بڕیاریداوه‌ واز لە یاری تۆپی پێ بهێنێت تاوەکو منداڵی دووەمی لەدایک دەبێت.

ئۆربینا نه‌شی شارده‌وه‌، كه‌ توشی شۆك بووه‌ كه‌ زانیوویه‌تی دووگیانه‌، چونكه‌ ئه‌و ده‌رمانی رێگری كردن له‌دووگیانی به‌كار ده‌هێنێت، هه‌ستی به‌ هیچ نیشانه‌یه‌ك نه‌كردووه‌.

لای خۆیەوە لۆرا گوتیرێز، پزیشکی یانەکە، "گێتافێ فیمێنینۆ"، سەرسوڕمانی خۆی دەربڕی بەرامبەر ئەوەی لەگەڵ ئۆربینا ڕوویدا و ڕوونیشیکردەوە، "زۆر سەرسامم، بەو پێیەی ئەمە یەکەمجارە ژنێکی دووگیان ببینم کە توانای یاریکردنی هەبێت"، و کێبڕکێ دەکەن و خەریکە منداڵی دەبێت”.

سه‌ره‌ڕای به‌ناو بانگ بوونی وه‌رزشی به‌یسبۆڵ له‌ فه‌نزوێلا، تۆپی پێی ئافرەتانیش لەم چەند ساڵەی دواییدا لە ڤەنزوێلا ناوبانگێكی باشی پەیدا كردووه‌.