4 یانه‌ی گه‌وره له‌سه‌ر كڕینی ئه‌م یاریزانه له كێبڕكێ دان
ناوه‌ڕاستكارێكی پورتوگالی بۆته جێگه‌ی چاوتێبڕینی چه‌ندان یانه‌ی گه‌وره‌ی ئه‌ورووپا، له سه‌رووی هه‌موو یانه‌وه دوو یانه گه‌وره‌كه‌ی ئیسپانیا له‌سه‌ر گواستنه‌وه‌ی له كێبڕكێیه‌كی توند دان.
رۆژنامه‌ی ئیلمۆندۆ دیپۆرتیڤۆی كه‌ته‌لۆنیا، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كردووه كه بارسێلۆنا بڕی 85 ملیۆن یۆرۆ بۆ كڕینی یاریزانی پورتوگالی یانه‌ی ڤالێنسیا (ئه‌ندری گۆمێز) ئاماده كردووه.
گومێزی ته‌مه‌ن 22 ساڵان له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ی پورتوگال ئاستێكی به‌رزی له یۆرۆی 2016 پێشكه‌ش كردووه، یانه‌كه‌شی 115 ملیۆن یۆرۆی وه‌ك مه‌رجی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی گرێبه‌سته‌كه‌ی له‌سه‌ر ئه‌م یاریزانه داناوه.
به‌پێی هه‌واڵی رۆژنامه‌ی ماركا، یانه‌ی ریال مه‌درید بۆ كڕینی ئه‌ندری گۆمێز هاتۆته سه‌رهێڵ، جیا له‌وه‌یش یانه‌ی یوڤێنتۆسیش بڕی 40 ملیۆن یۆرۆی پێشكه‌شی ئه‌م یاریزانه كردووه، به‌ڵام یانه‌ی چێڵسی داخوازیه‌كانی له‌سه‌ر ئه‌م یاریزانه زیاد كرد و به 53 ملیۆن یۆرۆ بۆ كڕینی ئه‌م یاریزانه هاته سه‌رخه‌ت.
ئه‌ندری گۆمێز، سه‌ره‌تا له 2005 له یانه‌ی پۆرتۆ ده‌ستی به یاریكردن كرد، له نێوان ساڵانی 2012 ـ 2015 یاریی بۆ یانه‌ی بێنفیكا كرد، وه‌رزی رابردووش یه‌كه‌مین ئه‌زموونی خۆی له لالیگا به سه‌ركه‌وتوویی تاقی كرده‌وه.