لەبارەی دابەشکردنی مووچە وەزارەتی دارایی روونکردنەوە دەدات

مووچە
مووچە

K24 - هەولێر

وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە روونکردنەوەیەکدا چەند دەنگۆیەک لەبارەی دابەشکردنی مووچە رەتدەکاتەوەو رایدەگەیەنێت، وەزیری دارایی لەسەر ئەو بابەتە لێدوانی نەداوە.

لە روونکردنەوەی وەزارەتی دارایی ئاماژە بەوەکراوە، چەند دەزگایەکی راگەیاندن و پەیجێک لێدوانێکیان بەناوی وەزیری دارایی دەربارەی مووچە بڵاوکردووەتەوە، رەتیدەکەنەوە کە وەزیری دارایی لێدوانی بۆ هیچ دەزگا و پەیجێک دابێت، ئەگەر هەر پێشهات و گۆڕانکارییەک لە وادەی دابەشکردنی مووچە هەبێت لە پەیجی فەرمی وەزارەتی دارایی بڵاوی دەکەنەوە.

دەقی روونکردنەوەی وەزارەتی دارایی:

لە چەند پەیج و دەزگایەکی راگەیاندن لێدوانێک بە ناوی بەڕێز وەزیری دارایی و ئابورییەوە بڵاوکراوەتەوە دەربارەی دابەش کردنی مووچەی مانگی شوبات.

بۆ هەموو لایەکی روون دەکەینەوە کە بەڕێز وەزیری دارایی و ئابووری لێدوانی بۆ ئەو پەیجەو هیچ دەزگایەکی ڕاگەیاندن نەداوەو هەر پێشهات و گۆڕانکاریەک هەبێت سەبارەت بەدابەشکردنی مووچە لە پەیجی ڕەسمی وەزارەت بڵاو دەکرێتەوە، هەر لێدوان و زانیاریەک لەپەیجی رەسمی وەزارەتی دارایی و ئابوری بڵاو نەکرێتەوە هیچ بنەمایەکی نییەو بەهەند وەرناگیرێت.