سعوودیه‌ وێنه‌گرتنی نوێژخوێنان و په‌خشكردنی قه‌ده‌غه‌ كرد

K24 - هەولێر

بڕیارەکەی وەزارەتی کاروباری ئیسلامی لە سعوودیە، بۆ رێگریکردن لە وێنەگرتنی نوێژخوێنان و پەخشکردنی نوێژ لە مزگەوتەکان، مشتومڕی لە وڵاتی  سعوودیە دروستکرد، هاوکات لایەنە پەیوەندیدارەکان بڕیارەکەیان بۆ "پاراستنی مینبەرەکان لە ئیستغلال کردن" گەڕاندەوە.

عەبدوڵڵا ئەلعەنزی، گوتەبێژی وەزارەتی کاروباری ئیسلامی سعوودیە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا به‌ کەناڵی ئەلئەخبارییە رایگەیاند:  وێنەگرتنی نوێژخوێنان و پەخشکردنی نوێژ لە مزگەوتەکان قەدەغەیە و ئەمەش بۆ پاراستنی مینبەرەکانه‌ لە ئیستغلالکردن".

گوتیشی: وەزارەتەکە مەبەستی لە پاراستنی بیرۆکە و پلاتفۆرمی داکۆکیکردنە لە خەڵک"، جەختیشی لەوە کردەوە کە رێگریکردن لە وێنەگرتن و بڵاوکردنەوەی نوێژەکان لە سۆشیال میدیادا هاوتەریبە لەگەڵ رۆڵی سعوودیه‌ لە "پاراستنی ئیسلام".

گوتەبێژی وەزارەتی کاروباری ئیسلامی سعوودیە پێیوایە، کە رێگریکردن لە وێنەگرتن و بڵاوکردنەوەی نوێژەکان "رێگری دەکات لە هاتنی پەیامی هەڵە کە رەنگە کاریگەری لەسەر موسڵمانان هەبێت، جا لە نەزانی بێت، یان مەبەستدار".

دوای راگەیاندنی رێگریکردن لە وێنەگرتن و بڵاوکردنەوەی نوێژەکان، مشتومڕی له‌نێو به‌كاربه‌رانی ‌سۆشیاڵ میدیادا دروستكرد.