ئێران رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی بۆ وزه‌ی ئه‌تۆمی ره‌تده‌كاته‌وه

K24 – هه‌ولێر:

گوتەبێژی رێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران زۆربەی لێدوانەکانی سکرتێری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی سەبارەت بە رێککەوتنی ئاژانسه‌كه‌ لەگەڵ وڵاته‌كه‌ی رەتکردەوە و رایگەیاند ئەو خاڵانەی رافائێل گڕۆسی دەڵێ لەسەریان رێککەوتووین، لە گفتوگۆکاندا هەر باسیان لێنەکراوە.

سکرتێری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی پاش سەردانێکی دوو رۆژە بۆ ئێران رایگەیاندبوو لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران سەبارەت بە دانانەوەی کامێراکانی چاودێری و زیاترکردنی پشکنینەکان رێککەوتوون.

چەند کاتژمێرێک دوای ئەوەی سکرتێری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی پاش گەشتێکی دوو رۆژە بۆ ئیران گەیشتەوە ڤیەننا و رایگەیاند سەردانێکی پڕ دەستکەوتی بۆ ئێران هەبووە و لەسەر زۆر بابەت لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئێران رێککەوتووە.

بێهرووز کەمالوەندی، کە یەکەم بەرپرسی ئێرانی بوو پێشوازی لە گرۆسی کرد و لەگەڵی کۆبووەوە، پاش لێدوانەکانی گرۆسی لە ڤیەننا رایگەیاند، سەبارەت بە دانانەوە کامێراکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران هیچ قسەیەک نەکراوە.

له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌، سکرتێری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی ئاماژه‌ی به‌وه‌كردبوو، "لە چەند مانگی رابردوودا چاودێرییەکانی ئێمە کەم ببووەوە، چاوەدێریی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئیران و بە تایبەت پیتاندنی یۆرانیۆم کە لە رێگه‌ی کامێراکانی چاوەدێرییەوە دەکرا راگیرابوو، ئێستا ئێمە رێککەوتووین ئەمانە دیسان چالاک بکرێنەوە".

هه‌ر بەگوێره‌ی گوتەكانی گرۆسی، هەردوو لا رێککەوتوون ئاژانسه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كه‌ دەستی بەو سێ شوێنە رانەگەیاندراوەی ئێران رابگات کە شوێنەواری یۆرانیۆمی پیتێندراویان لێ دۆزراوەتەوە و لە ساڵی رابردوودا بوونەتە خاڵی سەرەکیی ناکۆکییەکانی نێوان ئێران و وڵاتانی رۆژئاوا.

له‌ به‌رامبه‌ردا، گوتەبێژی رێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران ئەوەشی هەر رەتکردووەتەوە و رایگەیاندووە لە کۆبوونەوەکاندا هیچ باسێک لەسەر ئەم بابەتە نەکراوە.

کەمالوەندی هەروەها هەواڵی رێککەوتن لەسەر دەسڕاگەیشتنی ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی بۆ وزه‌ی ئه‌تۆمی بە کەسایەتییەکانی پەیوەندیدار بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران بۆ لێکۆڵینەوە رەتکردەوە و جەختیشیکردەوە، لە ماوەی دوو رۆژی سەردانی گرۆسی و شاندی هاوڕێیاندا هیچکات ئەم باسە نەهاتووەتە ئاراوە.

گوتەبێژی رێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران لەنێو ئەو خاڵانەی گرۆسی رایگەیاندبوو لەسەری رێککەووتوون، تەنیا رێککەوتن لەسەر تاكه‌ خاڵێک پشتڕاستکردەوە کە ئەویش زیادکردنی پشکنینەکانی ئاژانسه‌كه‌یه‌ لە بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران.

Fly Erbil Advertisment