ئێران ھۆشداری دەداتە وڵاتانی پێنج كۆیەك

"ئەگەر رێكکەوتنەكە پێشێل بكرێت زیانی بۆ ناوچەکە و ھەموو جیھانیش دەبێت"

K24 - ھەولێر

سەرۆكی ناوەندی وزەی ئەتۆمی ئێران جارێكی دیکە ھۆشداری دایە، وڵاتانی پێنج كۆ یەك و رایگەیاند بان كی موون سکرتێری گشتی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و ھەندێك وڵات سەرقاڵی پیلانگێرین لە دژی رێكکەوتنی ئەتۆمی.

عەلی ئەكبەر ساڵحی سەرۆكی ناوەندی وزەی ئەتۆمی ئێران بە ھەواڵدەری مێھری گوتووە: "تاقیكردنەوە مووشەكییەكانیان ھیچ پەیوەندییەكیان لەگەڵ ناوەرۆكی رێکكەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ وڵاتانی پێنج كۆ یەك نییە و قسەكانی بان كی موون سکرتێری گشتی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و ئانجێلا مێركڵ راوێژكاری ئەڵمانیا پیلانگێرییەكی ئاشكرایە لە دژی رێكکەوتنی ئەتۆمی".

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا ساڵحی ھۆشداری ئەوەش دەدات كە ئەگەر رێكکەوتنەكە پێشێل بكرێت، زیانی بۆ ناوچەکە و تەنانەت بۆ جیھانیش دەبێ.