ئەمەریکا دابینکەرانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران دەخاتە لیستی سزاکانەوە
39 دامەزراوە کە رێگە بە پێشێلکردنی سزاکانی سەر ئێران دەدەن، خرانە لیستی سزاکانەوە.
K24 - هەولێر:
ئیدارەی ئەمەریکا پێنج کۆمپانیا کە بنکەکەیان لە چینە و کەسایەتییەکی خستە لیستی سزاکانەوە کە پشتگیری لە تۆڕی دابینکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران دەکەن.
بە گوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی ئەنادۆڵ، وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا لە راگەیەندراوێکدا باسی لەوە کردووە کە تۆڕی دابینکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران لەلایەن نووسینگەی کۆنتڕۆڵی سامانی بیانییەکان (OFAC) کراوەتە ئامانج.
لەم چوارچێوەیەدا لە راگەیەندراوەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو کە پێنج کۆمپانیا و کەسایەتییەک سزا دەدرێن، هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە ئەم تۆڕە کە بنکەکەی لە چینە بەرپرسیارە لە فرۆشتنی هەزاران پێکهاتەی فڕۆکەوانی بەتایبەتی ئەو پێکهاتانەی کە دەتوانرێت بۆ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەکاربهێنرێت، بە دامەزراوەی پیشەسازیی بەرهەمهێنانی فڕۆکەی ئێران (HESA).
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە (HESA) "فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی Shahed-136 "ی بەرهەمهێناوە کە بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکان بەکارهاتووە و هەناردەی رووسیا کراوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو، کە پێنج کۆمپانیای بەرپرس لە فرۆشتن و ناردنی پێکهاتەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ ئێران بە ناوەکانی کۆتۆ ماچینەری، راڤین، گویلین ئەلفا، S&C Trade و کاسپرۆ و کارمەندی کۆمپانیای S&C Trade، یون شیا یوان-یش سزا دەدرێن.
راوێژکاری وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا بۆ کاروباری پرسی تیرۆر و هەواڵگریی دارایی، براین نێڵسن لە هەڵسەنگاندنی خۆیدا سەبارەت بەو بابەتە، ئاماژەی بەوە داوە کە ئێران بەهۆی بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی لە ئۆکراینا لەلایەن رووسیا، راستەوخۆ دەستی هەبووە لە کوشتنی مەدەنییەکان لە ئۆکراینا.
لە راگەیەندراوێکی دیکەی وەزارەتەکەدا باس لەوە کراوە کە نووسینگەی کۆنترۆڵی سامانی بیانییەکان (OFAC) 39 دامەزراوەی خستووەتە لیستی سزاکانەوە بەهۆی ئەوەی وایان کردووە دامەزراوە سزادراوەکانی ئێران دەستیان بە سیستمی دارایی نێودەوڵەتی بگات.
یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا، والی ئادەیمۆ لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەی خستووەتەڕوو کە ئێران تۆڕی ئاڵۆزی لەگەڵ کڕیارانی بیانی و دەیان کۆمپانیا پەرەپێداوە کە ئەمەش وا دەکات کۆمپانیا سزادراوەکانی ئێرانی خۆیان لە سزاکان بەدوور بگرن و درێژە بە بازرگانییەکانیان بدەن.