داوا دەكرێت هۆنراوەیەکی ئەحمەد موختار جاف بكرێتە مارشێكی نیشتمانی
K24 – هەڵەبجە
هۆنراوەیەکی شاعیری گەورەی کورد ئەحمەد موختار جاف، لەلایەن هونەرمەند و رۆشنبیر و هونەردۆستانی هەڵەبجەوە داوا دەکرێت بکرێتە مارشێکی نیشتمانی بۆ ناوەندەکانی خوێندن، ئەم هۆنراوەی ئەحمەد موختار بەرلە 90 ساڵ نووسراوەو تائێستا لە چەندین قۆناغی جیاواز لەلایەن چەند هونەرمەندێکەوە گوتراوەو بۆکۆتا جاریش بە کلیپیی جیاواز لەسەر ژیانی ئەحمەد موختار لەلایەن هونەرمەندان حەمید بانەیی و کەویار هادی گوتراوە.
لەوبارەوە هونەرمەند کەویار هادی بە کوردستان24ی گوت: "لەگەڵ مامۆستا حەمید بانەیی ئەو سروودەمان گوتووە، هیوادارم وەکو هەر سروودێکی دیکەی جوان جێی خۆی بگرێت و لە قوتابخانەکان وەکو وانەیەک بگوترێتەوە".
هونەرمەند حەمید بانەیی، دەڵێت: "چەند سروودێکی کوردی هەن بەردەوام لە یاد و خەیاڵماندان، چونکە ئەو سروودانە پەیامی تایبەتیان هەبووە، وەکو ئەی رەقیب و خوایە وەتەن ئاواکەی و کۆمەڵێک سروودێکی دیکە. ئەم سروودەی ئێمە تۆمارمان کردووە، دەمانەوێت وەکو سروودێکی پەروەردەیی نەک سیاسی لە ناوەندەکانی خوێندن گرنگی پێبدرێت. هیوادارین وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی رۆشنبیری سروودەکە بڵاوبکەنەوە و بیکەن بە رێنمایی بۆ گرنگیدان لە ناوەندەکانی خوێندن".
لەخەو هەستن میللەتی کورد خەو زەرەرتانە، کراوەتە سروودێک بۆ ئەوەی بکرێتە مارشی پەروەردەیی بۆ سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن لە هەرێمی کوردستان، میوزیکژەن عەزیز حەمە کەریم سەرپەرشتیاری کارەکەی گرتووەتە ئەستۆ، تاوەکو گەیاندوویەتی بەم ئاستە.
میوزیکژەن عەزیزحەمەکەریم، بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئێمە پێشتر هیچ نووسراوێکی فەرمیمان بۆ هیچ لایەنێکی پەیوەندیدار نەناردووە، بەڵام داوا دەکەین ئەم بەرهەمە بەرز بکرێتەوە و جێگەی خۆی بگرێت، بەرهەمە بەسەر کەناڵەکانی راگەیاندن دابەش دەکەین و دەیدەین بە نوێنەری حکومەت".
بەر لە 90 ساڵ شاعیری گەورەی کورد ئەحمەد موختار بەگی جاف گوتویەتی: لە خەوه هەستن درەنگە میللەتی کورد خەو زەرەرتانە هەموو تاریخی عالەم شاهیدی فەزڵ و هونەرتانە، لە بەشێکی دیکەی شیعرەکەی دا داوا دەکات: بخوێنن چونکە خوێندن بۆ دیفاعی تیغی دوژمنتانە. هەر بۆیە کۆمەڵێک لە هونەرمەند و هونەردۆستانی هەڵەبجە داوا لە وەزارەتی پەروەردە دەکەن، ئەو سروودە بکرێتە مارشێکی پەروەردەیی و بۆ هەمیشە بە گوێی نەوەکانی کوردستاندا بدرێت.