لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق: پەسەندکردنی بودجە پێویستی بە کۆدەنگی سیاسییە

دیناری عێراقی
دیناری عێراقی

K24 - هەولێر

لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، بۆ په‌سه‌ندكردنی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ پێویستیان به‌ مانگێك تا 45 رۆژ ده‌بێت و به‌ كۆده‌نگی سیاسی تێده‌په‌ڕێنرێت.

موعین كازمی ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەکردووە، پێشبینی ده‌كه‌ن هه‌فته‌ی داهاتوو پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه‌ بگاته‌ په‌رله‌مان و له‌لایه‌ن لیژنه‌ی دارایش پێویستی به‌ مانگێك یان 45 رۆژه‌ بۆ ئه‌وه‌ی په‌سه‌ندی بكات.

راشیگەیاندووە، لیژنەی دارایی پەرلەمان تاوتوێی پرسی ئەو کورتهێنانە دەکات کە لە بودجەدا دامەزراون کە بڕی 64 ترلیۆن دینارە، هەروەها کۆدەنگی سیاسی هەیە بۆ تێپەڕاندنی بودجە و دوای پشکنین بۆ بڕگەكانی دەست بە جێبەجێکردنی بکرێت.

رۆژی 13/3/2023، ئەنجومەنی وەزیرانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق ره‌شنووسی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی گشتی په‌سه‌ندكرد، زیاتر لە 198 ترلیۆن دینارە و ئاماژە بەوەشکراوە، وەک بەشێک لە رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژانە دەبێت 400 هەزار بەرمیل نەوت بفرۆشێت.