کوڕ و کچانی ئێزدی لە مانگی نیسان پرۆسەی هاوسەرگیری ئەنجام نادەن

K24 - هەولێر:

سەدان ساڵە، ئێزدییەكان لە مانگی نیسان ھیچ پڕۆسەیەكی ھاوسەرگری ئەنجام نادەن و ئەم مانگە وەک بووکی ساڵ دەبینن.

لوقمان سلێمان، یەكێك لە كەسایەتییەكانی ئێزدی لەو بارەیەوە بە کوردستان24ـی راگەیاند: وەك رێزێك بۆ مانگی نیسان كە خۆی وەك بووكی ساڵ دەنوێنێت ھیچ ھاوسەرگیرییەك ئەنجام نادەین و ھەموو ئێزدییەكانیش پێوەی پابەندن.

مانگی نیسان لەلای ئێزدییەکان پیرۆزی خۆی هەیە و لە 30 رۆژی ئەو مانگەدا، هیچ یەکێک لە کوڕ و کچەکانیان ناچنە ژیانی هاوسەرگیرییەوە، چونکە ئەوان خودی مانگی نیسان بە بووکی ساڵ دادەنێن.

پیر خەڵات، لێکۆڵەرێکی ئێزدییان سەبارەت بە مانگی نیسان و پەیوەندی لەگەڵ ئێزدییەکاندا، دەڵێت "لە مانگی نیساندا چەندین رێورەسمی پیرۆز هەن کە لە لالش بەڕێوەدەچن لەوانەش، جەژنی سەری ساڵی ئێزدییان کە دەکەوێتە ئەم مانگە".