سعوودیە 13 زیندانی حوسیەکانی بەرامبەر بە زیندانیەکی خۆی ئازاد دەکات
K24 - هەولێر
بەرپرسێکی حوسییەکانی یەمەن رایگەیاند، رۆژی شەممە، دەسەڵاتدارانی سعوودیە 13 کەسیان بەرامبەر هاووڵاتیەکی سعوودیە ئازادکرد.
عەبدولقادر مورتەزا، سەرۆکی لیژنەی نیشتمانی بۆ کاروباری زیندانیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاوی کردەوە، رۆژی شەممە 8/4/2023، لە فڕۆکەخانەی سەنعای پایتەختی یەمەن، پێشوازیمان لە 13 زیندانی کرد، کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی سعوودیەوە ئازادکران بەرامبەر بە هاوڵاتیەکی سعوودیە کە پێشتر ئازادمان کردبوو.
مورتەزا گوتیشی: هیوادارین ئەم هەنگاوە ببێتە پێشەکییەک بۆ جێبەجێ کردنی ئەو رێککەوتنەی کە لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا رێککەوتنی لەسەر کراوە.
سەرۆکی لیژنەی نیشتمانی بۆ کاروباری زیندانیان روونیشی کردەوە: ئەو زیندانیانەی ئەمڕۆ لە زیندانەکانی سعوودیە ئازاد کراون، بەشێکن لەو رێککەوتنەی کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان رێککەوتنی لەسەر کراوە.
ئاماژەی بەوەشدا، هەنگاوەکانی دیکەی پەیوەست بە جێبەجێکردنی تەواوی رێککەوتنەکە پێنجشەممەی داهاتوو تەواو دەبێت.
ئەمە لە کاتێکدایە کە میدیا ناوخۆییەکانی یەمەن بڵاویان کردەوە، کە شاندێکی سعوودی گەیشتووەتە شاری سەنعا، لە چوارچێوەی سەردانێکی بەرنامە بۆ داڕێژراو، بۆ تەواوکردنی ئەو دانوستانانەی کە لە عومان دەستی پێکرد، لە نێوان نوێنەرانی سعوودیە و حوسییەکان.