دادگای دەستووری تورکیا لەبارەی دۆسیەی داخستنی هەدەپە کۆدەبێتەوە

K24 – هەولێر:
دادگای دەستووری تورکیا بۆ تاوتوێکردنی دۆسیەی داخستنی هەدەپە کۆدەبێتەوە و هەدەپەش رایگەیاند، سبەی لە دادگا ئامادەنابن بۆ پێشکەشکردنی بەرگرینامەی خۆیان.
هەرچەند وابڕیار بوو سبەی سێشەممە (11ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023)، هەدەپە لە بەردەم دادگای باڵای دەستووری بەرگری نامەی خۆی پێشکەش بکات، بەڵام ئەو پارتە رایگەیاندووە، سبەی لە دادگا ئامادەنابێت بۆ پێشکەشکردنی ئەو بەرگرینامەیە و لەلایەن خۆیەوە، سبەی دادگای دەستووری تورکیا کۆدەبێتەوە و تاوتوێی ئەو هەڵوێستەی هەدەپە دەکات.
پێشتر هەدەپە داوای لە دادگای دەستووری کردبوو کە لە دوای هەڵبژاردنەکانی 14ـی ئایاردا، لەبارەی دۆسیەی داخستنی پارتەکە کۆببێتەوە بڕیاری یەکلاکەوەرە بدات، بەڵام دادگای دەستووری داواکەی هەدەپەی رەتکردەوە و مۆڵەتی یەک مانگی پێدا بۆ ئەوەی لەرێگەی پارێزەرەکانییەوە لە دادگا بەرگری لە خۆی بکات.
بۆ داخستنی هەدەپە، لە کۆی هەر 15 ئەندامەکەی دادگای دەستووری تورکیا، پێویستە 10 دادوەر بە بەڵێ دەنگ بدەن بۆ ئەوەی بڕیارەکە دەربکرێت و بە پەسەندکردنیشی لەلایەن ئەو دادگایەوە، سەرجەم چالاکییە سیاسییەکانی هەدەپە لە تورکیا قەدەغە دەکرێت.
ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی هەدەپە کراوە بۆ داخستنی ئەو پارتە و قەدەغەکردنی لە کاری سیاسی لە تورکیا، تۆمەتی پشتیوانیکردن لە تیرۆر و بوونی پەیوەندی لەگەڵ پەکەکە ئاراستەکراوە.
لە (5ـی کانوونی دووەم/یەنایری 2023) دادگای دهستووری توركیا، بڕیاریدا هاوكارییه داراییهكانی گەنجینە بۆ ههدهپه رابگیرێن، هاوكات سهرۆكایهتی دادگای باڵای توركیا له 17ی ئاداری ساڵی 2021 پرسی داخستنی ههدهپهی جوڵاند و داوایكرد، كاری سیاسی له 451 سیاسهتمهداری ههدهپه قهدهغه بكرێت.
لە (5ـی ئادار/مارسی 2023)، میدیاکانی تورکیا ئاشکرایانکرد، دادگای دەستووری تورکیا بڕیاری بلۆککردنی هەژمارەکانی تایبەت بە هاوکاری دارایی گەنجینەی تورکیا بۆ هەدەپە بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی دادگا هەڵگرت و بڕیاریدا گوتاری بەرگریی هەدەپە بۆ 11ـی نیسان دوابخرێت لەکاتێکدا بڕیاربوو لە 14ـی مانگی رابردوو دانیشتنی دادگاکە بەڕێوەبچێت.
له توركیا ههرپارتێك کە خاوەنی فراکسیۆنی پەرلەمانی بێت، ساڵانه لهلایهن گهنجینهی تورکیاوە هاوكاریی دارایی پێدەدرێت، پێشبینی دهكرێت هاوكارییهكانی ههدهپه بۆ ساڵی 2023 بگاته 539 ملیۆن لیرهی توركی، كه دهکاته نزیكهی 30 ملیۆن دۆلار.
پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە (15 تشرینی یەکەم/ئۆکتۆبەری 2012) لە ئەنقەرە دامەزراوە، تا ئێستا پێنج كۆنگرەی ئاسایی حزبەكە بەڕێوەچووە و لە هەڵبژاردنی 2018ـی پەرلەمانی تورکیا توانی بەربەستی دەنگەکان بۆ چوونە پەرلەمان ببڕێت و ببێتە خاوەنی فراکسیۆنی خۆی لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە.