شه‌ڕ و مشتومڕێكی توند له‌ نێوان ئالێگری و یاریزانێكی یوڤێنتۆس روویداوه‌

ماسیملیانۆ ئالێگری راهێنه‌ری یوڤێنتۆس
ماسیملیانۆ ئالێگری راهێنه‌ری یوڤێنتۆس

ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەوانی ئیتاڵیا ئاشكرای كردووه‌ له‌ نێوان ماسیملیانۆ ئالێگری و یاریزانێكی یانه‌ی یوڤێنتۆس شه‌ڕ و مشتومڕێكی توند روویداوه‌.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌، 11 نیسانی 2023، رۆژنامه‌ی لاگازێتا دیللۆ سپۆرتی ئیتاڵیا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ ئالێگری راهێنه‌ری یوڤێنتۆس له‌گه‌ڵ لیاندرۆ پاردێس بووه‌ته‌ شه‌ڕی، به‌جۆرێك یاریزانه‌كان كه‌وتوونه‌ته‌ نێوانیان بۆ ئه‌وه‌ی ئارامیان بكه‌نه‌وه‌.

دوێنێ دووشه‌ممه‌ ده‌سته‌ی كارگێری یانه‌ی یوڤێنتۆس رێگه‌ی به‌ هانده‌ران دا بۆ ئه‌وه‌ی له‌ مه‌شقه‌كان ئاماده‌ بن، كه‌ تێیدا زیاتر له‌ 300 كه‌س به‌ دیار راهێنانه‌كانی یوڤێنتۆس دانیشتبوون، دوای راهێنانه‌كانیش خوانێك بۆ یاریزانه‌كان سازكرا بوو، به‌ڵام به‌ریه‌ككه‌وتنه‌كه‌ی نێوان لیاندرۆ پارادێس و ماسیملیانۆ ئالێگری كه‌شوهه‌وایه‌كه‌ی ئاڵۆز كرد.

به‌ گوێره‌ی هه‌مان سه‌رچاوه‌، پارادێس به‌ توڕه‌ییه‌وه‌ مه‌شقه‌كانی كردووه‌، دوایین یاریزانیش بووه‌ كه‌ مه‌شقه‌كانی جێهێشتووه‌، دواتر چووه‌ ژووری جلگۆڕین و گفتووگۆیه‌كی توندی كردووه‌ و به‌ڕووی ئالێگری دا ته‌قیوه‌ته‌وه‌، به‌جۆرێك یاریزانه‌كان هه‌وڵیانداوه‌ ئارامی بكه‌نه‌وه‌ و كه‌وتوونه‌ته‌ نێوندگیری. دواتر پارادێس ئاماده‌نه‌بووه‌ له‌گه‌ڵ راهێنه‌ر و یاریزانه‌كان به‌شداریی ئێواره‌ خوانه‌كه‌ی بكات و یه‌كسه‌ر گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ ماڵه‌وه‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ نووسیویه‌تی: پارادێس نیگه‌رانه‌ له‌ ئالێگری به‌هۆی ئه‌وه‌ی وه‌كو پێویست یاریی پێ ناكات و زۆربه‌ی كات وه‌كو یاریزانی یه‌ده‌گ به‌شداریی پێده‌كات، له‌ زۆر یاریش رێگه‌ی نادرێت ته‌نانه‌ت بۆ یه‌ك خوله‌كیش یاریی بكات.

پارادێس كه‌ ئه‌م وه‌رزه‌ له‌ پاریس سانجێرمانه‌وه‌ به‌ خواستن هاتووه‌ته‌ یوڤێنتۆس، له‌ خولی ئیتاڵیا به‌شداریی 18 یاریی كردووه‌ و یه‌كێكه‌ له‌و یاریزانانه‌ی كه‌مترین خوله‌ك به‌شداریی كردووه‌، له‌ دوایین یاریی له‌ خوله‌كی 63 هاتووه‌ته‌ نێو یاریگه‌، له‌ یاریی پێشووتریش له‌ خوله‌كی 83 چووه‌ته‌ نێو یاریگه‌، ئه‌مه‌ش ئه‌و یاریزانه‌ی توڕه‌ كردووه‌.

لیاندرۆ پارادێس و ماسیملیانۆ ئالێگری
لیاندرۆ پارادێس و ماسیملیانۆ ئالێگری

 

Fly Erbil Advertisment