ژنێک بەهۆی بردنی قوتوە شیرێکەوە سزایەکی توند درا

K24 – هەولێر:
لە یەکێک لە پارێزگاکانی ئوردن، ژنێک لەسەر قوتوە شیرێک کە نرخەکەی نزیکەی چوار دینارە دەستگیکرا و بە 10 هەزار دیناری ئوردنی بە کەفالەت ئازادکرا کە دەکاتە 14 هەزار دۆلاری ئەمەریکی.
ژنێک لە پارێزگای زەرقای ئوردن، بەهۆی نەبوونی ناچار دەبێت لە یەكێک لە بازاڕەکانی نزیک ماڵەکەی قوتوە شیرێک بۆ منداڵە ساواکەی بدزێت کە نرخەکەی تەنیا 3.70 دینارە و دواتر بەهۆی سکاڵای خاوەن بازاڕەکەوە دەستگیردەکرێت.
لەلایەن خۆیەوە، پارێزەرێکی خۆبەخش دۆسیەکەی لە ئەستۆ گرتووە و ئەو ژنە کە بۆ ماوەی 14 رۆژ فەرمانی راگرتنی بۆ دەرکراوە، بە 10 هەزار دیناری ئوردنی بە کەفالەت ئازادکراوە.
لەبارەی ئەو ژنەوە، میدیاکانی ئوردن ئاماژەیان بەوەکردووە، بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە ماوەیەکە لە هاوسەرەکەی جیابووەتەوە و خاوەن منداڵێکی سێ ساڵانە و بەهۆی کێشەی میراتەوە لەگەڵ کەسوکارەکەشی کێشەی هەیە و ئێستا لە دۆخێکی خراپی ئابووریدا دەژیت کە توانای دابینکردنی شیر و خواردنی بۆ منداڵەکەی نییە.
هەروەها ئەو ژنە ئوردنییە ئاماژەی بەوەکردووە، پێش ئەوەی ناچاربێت بۆ بردنی قوتوە شیرێک بچێتە یەکێک لە بازاڕەکانی نزیک ماڵەکەی، منداڵەکەی لە برسان زۆر گریاوە و هیچ نەبووە پێی بدات، بۆیە لەپێناو ژیرکردنەوەی منداڵەکەی پەنای بۆ ئەو کارە بردووە.