نەتەوەیەکگرتووەکان: دەبێت سەرجەم ئەو منداڵانە بپارێزرێن کە لە بەریتانیا داوای پەنابەرێتی دەکەن

وێنەی لۆگۆ و باڵەخانەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک | وێنە: John Minchillo / AP
وێنەی لۆگۆ و باڵەخانەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک | وێنە: John Minchillo / AP

K24 - هەولێر:

نەتەوەیەکگرتووەکان داوای لە بەریتانیا کرد سەرجەم ئەو منداڵانە بپارێزێت کە داواکاری پەنابەڕیتی پێشکەش دەکەن و واز لە جێبەجێکردنی نیشتەجێکردنی ئەو منداڵانەی کە بێ هاوەڵن لە ئۆتێلەکان بهێنێت.

شارەزایانی نەتەوەیەکگرتووەکان، رایانگەیاند: "هەست بە نیگەرانی دەکەین لە بەرامبەر راپۆرتەکانی ونبوونی منداڵی پەنابەرە بێ هاوەڵەکان لە بەریتانیا و زیادبوونی مەترسی رفاندن لە ناوخۆیی بەریتانیا".

شارەزایانی نەتەوەیەکگرتووەکان، ئاماژەیان بەوەش کرد کە هەست بە نیگەرانی دەکەن لە بەرامبەر جێبەجێ کردنی سیاسەتی "نیشتەجێکردنی منداڵە بێ هاوەڵەکان لە ئوتێلە کاتییەکان لە بری ئەوەی بەرپرسیارێتییەکانیان بدرێتە لایەنە پەیوەندیدارە خۆجێیەکان" و رایانگەیاند، ئەو سیاسەتەی کە ئێستا هەیە منداڵە بێ کەسەکان پاڵ دەنێت کە لە سستەمی پاراستنی منداڵ لە بەریتانیا دەربچن و ئەمەش سیاسەتێکی جیاکارییە.

شارەزایانی نەتەوەیەکگرتووەکان، هۆشدارییان لەوە دا، شکستەکانی پاراستنی منداڵان و مەترسییەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ زیادیکردووە و رایانگەیاند: "پێویستە بەریتانیا کۆتایی بە جێبەجێکردنی نیشتەجێکردنی منداڵە بێ هاوەڵەکان لە ئوتێلەکان بهێنێت و بەبێ جیاکاری گەرەنتی پاراستنی سەرجەم ئەم منداڵانە بکات کە داوای پەنابەرێتی دەکەن. پێدەچێت حکومەتی بەریتانیا، پابەندی بەرپرسیارێتییە سەرەکییەکانی بەپێی یاسای نێودەوڵەتی مافەکانی مرۆڤ بۆ دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییەکانی منداڵان و رێگریکردن لە بازرگانیکردن بە منداڵان نەبێت".

بەپێی تۆمارتەکان، لە بەریتانیا لە حوزەیرتانی 2021وە بۆ ئێستا چوار هەزار و 600 منداڵی بێ هاوەڵ لە شەش ئوتێلدا دانراون.

ئاماژە بەوەش دەکرێت کە 440ی ئەو منداڵانە ونبوونە و لە 23ی کانوونی دووەمەوە 220 منداڵ بێسەروشوێنن کە زۆرینەیان ئەلبانین.