ئەنجوومەنی وەزیران دابینکردنی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان تاوتوێدەکات
K24 - هەولێر:
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کۆدەبێتەوە و تاوتوێی ژمارەیەک پرس دەکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 12ی نیسانی 2023، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و تێیدا چەند تەوەرێک دەخرێنە ڕوو.
بەگوێرەی راگەیەندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا بابەتی پاراستنی هاووڵاتییان و دامودەزگە خزمەتگوزارییە حکومییەکان لە ڕێگەی بەدوورگرتنی هەرێمی کوردستان لە ڕاکێشانی کێشە ناوچەیی و دەرەکییەکان بۆ ناو هەرێمی کوردستان دەخرێتە ڕوو.
ئاماژە بەوەشکراوە، بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بە خستنەڕووی بابەتی دابینکردنی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان، بە مەبەستی دیاریکردنی کێشە و چارەسەرەکان.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، بابەتی سیاسەتی پاراستنی منداڵان لە هەرێمی کوردستان، لە بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوەکەدا دەخرێتە ڕوو.